رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری داوە لەمەودوا پارەی زبڵ و خاشاک لە رێگەی ئەپەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی کۆبکاتەوە. بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان دەڵێت ئێستا سیستەمەکە لە هەولێر لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، لە سەرجەم هەموو شارەوانییەکان جێبەجێ دەکرێت.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە (27ی تەموزی 2026) بە رووداوی راگەیاند: ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکردنی پرۆسەی پارەدان بۆ خاوەن دوکان، بازرگانان و خاوەن کارەکان داندراوە، بۆیە پارەی زبڵ و خاشاک لە رێگەی ئەپەکانی پارەدان کۆدەکرێتەوە.
تائێستا کۆکردنەوەی پارەی زبڵ و خاشاک لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەچوو، خاوەن دوکان و خاوەن کارەکان دەبوو بۆ پارەدان سەردانی شارەوانی بکەن، یان کارمەندانی کۆمپانیاکان پارەکەیان کۆدەکردەوە.
بەپێی سیستەمی نوێ، هەموو ئەم پرۆسەیە لە رێگەی مۆبایل و بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێت، کە کات و رۆتینی هاووڵاتیان کەم دەکاتەوە و خزمەتگوزارییەکان خێراتر بکات.
رووداو لە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زانیویەتی، ئەگەر پرۆژەی کۆکردنەوەی پارەی زبڵ و خاشاک بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، لە قۆناخی داهاتوودا سەرجەم رسومات و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی شارەوانیش بۆ ناو هەمان ئەپ زیاد دەکرێن، بەمەش زۆربەی مامەڵەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێن.

.jpg&w=3840&q=75)

