رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە پارێزگای دهۆک، چوار کرێکار لە کاتی کارکردن لەسەر دوو پڕۆژەی جیاواز کەوتنە خوارەوە و بریندار بوون و تەندروستیی یەکێک لە کرێکارەکان ناجێگیرە.
وەڵات ئەمین، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رووداوی یەکەمدا، سێ کرێکار لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی بیناسازیدا کەوتوونەتە خوارەوە. تەمەنی ئەو کرێکارانە 17، 22 و 46 ساڵە."
سەبارەت بە تەندروستییان، وڵات ئەمین، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کرێکارەکان بەهۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بەر بڕبڕەی پشتی کەوتووە، برینەکەی سەختە و تەندروستیی ناجێگیرە، بەڵام دوو کرێکارەکەی دیکە دۆخیان جێگیرە.
هەر ئەمڕۆ لە رووداوێکی دیکەدا، کرێکارێکی تەمەن 44 ساڵ لە کاتی کارکردن لە نهۆمی دووەمی چێشتخانەیەک کەوتووەتە خوارەوە و قاچی شکا.
وەڵات ئەمین، گوتی سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 11 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، 3 کرێکار بە هەمیشەیی پەککەوتە بوون و زیاتر لە 100 کرێکاری دیکەش لە کاتی کارکردندا بریندار بوون.
عەبدولکەریم شێخ حەماد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کار لە پارێزگای دهۆک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە تیمەکانیان سەردانی شوێنی رووداوەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
عەبدولکەریم شێخ حەماد، جەختی لە بەرپرسیارێتیی یاسایی خاوەنکاران کردەوە و گوتی: "بەپێی یاسا و رێنماییەکان، خاوەنکار بەرپرسی یەکەمە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی. تەنانەت ئەگەر کرێکارەکە خۆیشی کەمتەرخەم بێت لە بەکارهێنانی کەرەستەی خۆپارێزی."
سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان، بەڕێوەبەری کار لە دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکان بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان ئامادە دەکرێن و رەوانەی دادگە دەکرێن. گوتیشی: "دۆسیەی ئەو 4 کرێکارەی پێشتر گیانیان لەدەستدابوو، ئێستا لە دادگەیە هەروەها دۆسیەی کرێکارێک کە بەهۆی کەوتنی ئەسانسۆرەوە گیانی لەدەستدا، لە دوو رۆژی داهاتوودا دەچێتە بەردەم دادوەر و ئەمڕۆ راپۆرتی کۆتاییان بۆ ئامادە کراوە."
سەبارەت بە سزاکانیش، عەبدولکەریم شێخ حەماد رایگەیاند، یاسا سزای ماددی و زیندانیکردنی بۆ کەمتەرخەمان دیاری کردووە، بەڵام ئەمساڵ تائێستا کەس بەو هۆیەوە زیندانی نەکراوە، چونکە زۆربەی دۆسیەکان هێشتا بڕیاری کۆتاییان بۆ دەرنەچووە. هۆشداریشی دا کە "مافی گشتی" هەر دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بنەماڵەی قوربانییەکەش لە "مافی تایبەتی" خۆیان خۆش بن، خاوەنکار هەر ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

