رووداو دیجیتاڵ
لیژنە تایبەتەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سووتەمەنی و 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی کرد؛ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەڵێن، دەبێت هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەنزین بە نرخی 450 دینار وەربگرن.
رۆژی دووشەممە، 27-07-2026 لیژنەی کاتیی پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی ناردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی عامر عەبدولجەبار کرد.
لیژنە پەرلەمانییەکە لە 8 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کوردن. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەکە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە رووداو ئامادەی بوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، تەنیا یەک لەسەر سێی مافی هەرێمی کوردستانە.
شێروانی، گوتی، "عێراق رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی نێوخۆ تەرخان دەکات، بەپێی رێژەی 14%ی دانیشتووان، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان رۆژانە بۆ 140 هەزار بەرمیل زیاد بکرێت، نەک تەنیا 50 هەزار بەرمیل."
سیپان شێروانی گوتیشیی، لیژنەکەیان بانگهێشتی وەزیرانی نەوت و سامانە سروشتییەکان دەکەن، دواتر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە راسپاردەکانی گەڵاڵە دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت.
عومەر ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە کۆبووینەوە. پلانیان داناوە کە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، یەکەم هەنگاوی لیژنەکە بانگهێشتکردنی وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت بۆ پەرلەمان."
سەبارەت بە نرخ و بڕی بەنزین، عومەر ئەحمەد، گوتی، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بەنزین بە نرخی 450 دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "لە وەزارەتی نەوت پێیان راگەیاندین کە ساڵی رابردوو ئامادەبوون بڕی ئەو نەوتەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت زیادی بکەن، بەڵام کەسێک لە هەرێمی کوردستان رازی نەبووە."
ئەمڕۆ لیژنەی نەوت و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە، کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی نەوت و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند، "داوامان لە وەزیری نەوت کرد ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت بەنزین بە 450 دینار دابەش بکات، ئەوا دەبێت عێراق خۆی راستەوخۆ هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بەو نرخە بەنزین بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دابین بکات. وەزیری نەوتیش رایگەیاندووە پابەندی هەر بڕیارێک دەبن کە پەرلەمان بیدات."
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2027 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانم راسپاردن کە لە زووترین کاتدا، چارەسەریی ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت."
دەشڵێت، ئەم بڕیارانەشمان دا:
یەکەم: نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆریی بەنزین.
دووەم: پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و موحەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و رێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا. هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.
سێیەم: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین کە رێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی رێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.
چوارەم: رێگری لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)

