رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی لیژنەیەکی باڵاوە ئامادەکاریی تەواوی بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کردووە. پڕۆسەکە بە بەشداریی 50 فەرمانگە و دابینکردنی 3500 پاس بۆ گواستنەوەی بێبەرامبەر بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026 مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاتنی زیارەتکاران لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
مەسعود باتێلی گوتی، بۆ بەڕێکردنی کارەکان، لیژنەکە لە 40 تیمی جیاواز و 50 فەرمانگەی حکومەت پێکهاتووە و خزمەتگوزارییەکان وردبینی پاسپۆرت، تەندروستی، ئەمنی، هاتووچۆ و دابینکردنی خواردن دەگرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە چوار وێستگەیان هەیە، کە خزمەتگوزارییەکانی وەک شوێنی حەوانەوەی ژنان و پیاوان، دەستشۆر و نانخواردنی تێدا دابینکراوە. "ئەم کارانە بە هاوئاهەنگی گەورەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێبەجێ دەکرێن، کە پاڵپشت و هاوکاری سەرەکیی پڕۆسەکەیە".
گواستنەوەی بێبەرامبەر بە 3500 پاس
ئەم ساڵ تێچووی گواستنەوەی زیارەتکاران لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. باتێلی گوتی، پڕۆسەی گواستنەوەکە لە ژێر چاودێری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و لە رێگەی 3500 پاسەوە بە دوو قۆناخ دەبێت.
قۆناخی یەکەم: لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر (1500 پاس).
قۆناخی دووەم: لە هەولێرەوە بۆ کەربەلا و نەجەف (2000 پاس).
سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، کە پێویستە سەرجەم پاسەکان بەپێی رێکاری هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی بن و ئامێری فێنککەرەوەیان تێدا بێت. هەروەها حەوت وێستگەی یەدەگ لە رێگەی حاجی ئۆمەران تاوەکو نەجەف و کەربەلا دانراون.
وەک مەسعود باتێلی دەڵێت، لە رووی تەندروستییەوە، سەرجەم بنکەکانی پارێزگاکان لە ئامادەیی 24 کاژێریدان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو. نۆ تیمی فریاگوزاری هاوبەش و تیمێکی فڕۆکەوانی بۆ کاتە پێویستەکان ئامادەکراون.
باتێلی دەڵێت، "59 کۆمپیوتەر بۆ کارەکانی پاسپۆرت دانراون و لە یەک کاتدا دەتوانرێت 59 پاسپۆرت رایی بکرێن؛ بەمەش توانای وەرگرتنی 25 هەزار کەسمان لە رۆژێکدا هەیە."
ساڵانی رابردوو لە پێشوازی زیارەتکاراندا لە سنووری هەردوو دەروازەکەی هەرێمی کورستانەوە تاوەکو بەڕێکەوتنیان بۆ کەربەلا، پاس، ئامێری فێنککەرەوە، ئاو، شەربەت، خواردن و ئامبوڵانس بێ بەرامبەر ئامادە کرابوون و بەگوێرەی دەروازەکان، ئەم ساڵیش ئەو خزمەتگوزارییانەیان بۆ دابین دەکرێت.
ساڵی 2024 نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە چوونە کەربەلا، پاریش زیاتر لە 100 هەزار زیارەتکار.




