رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تاوتوێی دۆسیەی دامەزراندنی ئەو 7000 کەسە دەکات، کە بە گرێبەست لەو پارێزگایە دادەمەزرێندرێن، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، ئەگەر هەیە ئەو دۆسیەیە بخرێتە ناو یاسای بودجەی 2027ی عێراق.
بەگوێرەی خشتەی کاری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دەست رووداو کەوتووە، ئەو ئەنجوومەنە رۆژی سێشەممە 28ی تەممووز کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو بڕگانەی تاوتوێی دەکات، دامەزراندنی 7304 هاووڵاتى شارەکەیە بەشێوەی گرێبەست.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیاریکردنی ئەو گرێبەستانە پەیوەندیدارە بە یاسای بودجەوە و یەکلاکردنەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا "ئەستەمە."
ئەو 7304 کەسە وەک پشکی کەرکووک بوو لە 15 هەزار دامەزراندنی بە شێوەی گرێبەست کە لە یاسای بودجەی گشتی 223 بۆ 2025 دیاریکراو بوو، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی میکانیزمی دابەشکردنی بەسەر پێکهاتەکاندا، دواکەوتووە.
عەبدوڵڵا میروەیس رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی بەردەم یەکلانەبوونەوەی ئەو ناوانە بودجەیە، کە دامەزراندنیان پێویستی بە تەرخانی دارایی هەیە، بۆیە ئەگەری زۆرە بخرێتە نێو یاسای بودجەی ساڵی 2027 و ئەو کاتەش ناوەکان یەکلا بکرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووز، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی بە گرێبەست دابمەزرین، تاوەکو کەموکورتی نێو بەڵگەنامەکانیان چارەسەر بکەن.
.webp&w=3840&q=75)


