رووداو دیجیتاڵ
سومەیە خدر و زینەت ستار
بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی بازرگانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا سەردانی 14 هەزار و 320 شوێنی بازرگانییان کردووە، هەزار و 29 شوێنکار بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون، تەنیا لە هەولێر و سلێمانی نزیکەی 100 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیکاران دراوە.
لە هەولێر سەرپێچیکاران بە 91 ملیۆن دینار سزادراون
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، تیمەکانیان سەردانی 6 هەزار و 658 شوێنی بازرگانییان کردووە.
هۆگر عەلی گوتی، "لە ئەنجامی پشکنینەکانمان بۆ ئەو شوێنانە، 546 سەرپێچیکار سزادراون، 127 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، 41 شوێنکار داخراون و 38 دۆسیەش رەوانەی دادگە کراون."
سەبارەت بە سزای دارایی شوێنە سەرپێچیکارەکان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتی، "91 ملیۆن و 629 هەزار دینار لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە."
لە سلێمانی 253 هەزار و 760 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوو لەنێوبراوە
بابان ئەحمەد، بەڕێوەبەری قایمقامیەتی قەزای سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، تیمەکانی چاودێریی بازاڕ لە پارێزگای سلێمانی 29 هەزار و 250 سەردانی شوێنی بازرگانییان کردووە، کە لە ئەنجامدا 2 هەزار و 544 سەرپێچی تۆمارکراوە و هەزار و 92 ئاگادارکردنەوەش دراوە.
بابان ئەحمەد گوتیشی، "لە هەمان ماوەدا 147 شوێنی بازرگانی داخراون و 14 کەیس بۆ دادگە نێردراون. هەروەها، دەست بەسەر 253 هەزار و 760 دانە کاڵای بەسەرچوودا گیراوە و لەناوبراون، ئەم هەنگاوانە لەپێناو جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان ئەنجامدراون."
دهۆک؛ دەست بەسەر 700 تۆن کاڵای خراپدا گیراوە
لە پارێزگای دهۆکیش، تیمەکانی چاودێریی بازرگانی سەردانی چەندین شوێنی بازرگانییان کردووە. شوکری شەفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "لە شەش مانگی ئەم ساڵدا پشکنینمان بۆ 4 هەزار و 500 شوێن کردووە و دەستمان بەسەر 600 بۆ 700 تۆن کاڵای ماوەبەسەرچوودا گرتووە."
بەگوتەی شوکری شەفیق لەو شەش مانگەدا، نزیکەی 250 شوێنکاریان سزاداوە، کە بڕی سزاکانیان بەپێی جۆری سەرپێچییەکە بووە.
لە هەڵەبجە 694 شوێنکار ئاگادار کراونەتەوە
تاهیر شێخ عەزیز، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەڵەبجە ئاماری پێنج مانگی رابردووی خستەڕوو و رایگەیاند، سەردانی 2 هەزار و 792 شوێنیان کردووە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەڵەبجە، 15 شوێن داخراون، 133 شوێنکار سزای دارایی دراون و 694 شوێنکاری دیکەش ئاگادارکراونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن، ئەوە جگە لەوەی مۆڵەتیان بۆ 146 شوێنکار نوێ کردووەتەوە.


