رووداو دیجیتاڵ
زۆربوونی ژمارەی سەگی بەرەڵا لە ناحیەی رۆڤیا و گوندەکانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگای دهۆک، نیگەرانی و بێزاربوونی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، سەگی بەرەڵا ژیانی تاڵ کردوون؛ لە بەرامبەردا، شارەوانیی ناحیەکە ئاماژە بە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەت بۆ کۆکردنەوەیان دەکات.
ساڵح ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی (سێگردک)ـە لە سنووری ناحیەی رۆڤیا، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی لە بوونی ژمارەیەکی زۆر سەگی بەرەڵا کرد و گوتی، "چەندین ساڵە دیاردەی سەگی بەرەڵا لە گوندەکانی دەوروبەری رۆڤیا بەردەوامە و ساڵانە روو لە زیادبوون دەکات. پەلاماری پەلەوەرەکانمان دەدەن و ناتوانین بەخێویان بکەین؛ ژیانیان لێ تاڵ کردووین."
شارەوانیی رۆڤیا: کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە
زەید سەلیم، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رۆڤیا، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا بە سێ قۆناخ نزیکەی 500 سەگی بەرەڵامان لە سنوورەکە کۆکردووەتەوە و رەوانەی شێڵتەری هەولێرمان کردوون. لە گرتنی هەر سەگێکدا نزیکەی 6 بۆ 7 هەزار دینار تێچووی هەیە بۆ گواستنەوە و پێداویستییەکان، بەڵام بنبڕکردنی ئاسان نییە."
سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا ئاماژەی بەوە کرد، ناحیەی رۆڤیا 47 گوندی هەیە؛ شارەوانیش بەپێی یاسا تەنیا دەسەڵاتی کارکردنی لە ناو سەنتەری ناحیەکەدا هەیە و ناتوانێت کۆنتڕۆڵی تەواوی گوندەکان بکات. گوتیشی، "لە سنووری رۆڤیا تەنیا 2 کەسی شارەزا هەن کە دەتوانن سەگە بەرەڵاکان بگرن، بۆیە ناتوانین بەردەوام هەڵمەتمان هەبێت."
سەرۆکی شارەوانیی رۆڤیا جەختی کردەوە کە "لە وەرزی هاویندا بەهۆی گەرماوە گرتنی سەگەکان ئاسانترە و لە پلانیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناخێکی دیکەی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵا دەستپێبکەنەوە" تاوەکو چیدیکە ئەو ئاژەڵانە نەبنە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان.



