رووداو دیجیتاڵ کەمی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی و لەکارکەوتنی موەلیدەی تایبەت لە گوندی براغ لە سنووری قەزای بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، نیگەرانیی دانیشتووانی گوندەکەی لێکەوتووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونێکی رادیۆی رووداو، دانیشتووانی ناوچەکە لەم وەرزی گەرمایەدا کارەبایان کەمە و قایمقامیەتی قەزاکە و ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانیش کار بۆ دابینکردنی مۆلیدەی جێگرەوە دەکەن. هاونیشتمانییان: "نزیکەی 700 ماڵ کارەبایان کەمە" حەسەن قادر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی براغ لەسەر رێگەی پیرمام کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەحرکەیە، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانیمان دەبڕدرێت و موەلیدەی تایبەتی گوندەکەش لەو کاتەی کارەبا وای لێهاتووە کاری پێناکرێت و بێ مۆلیدەین." حەسەن قادر دەڵێت، "خاوەنی موەلیدەکە دەڵێت خەرجیی چاککردنەوەی مۆلیدەکە زۆرە و زەرەر دەکات. زیاتر لە 700 ماڵ لەم گوندەدا دەژین و ژمارەیەکی زۆر منداڵی ساوا و نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە کە ناچارن لەم گەرمایەدا بێ کارەبا بمێننەوە." ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا چەندین جار لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکراوە. قایمقامی قەزای بەحرکە: "نووسراومان بۆ پارێزگا کردووە" شاخەوان سدیق، قایمقامی قەزای بەحرکە بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "ئاگاداری کێشەی موەلیدەی ئەو گوندەی سنوورەکەی خۆمانین. خاوەنی موەلیدەکە تاوەکو ئێستا مۆلیدەی چاک نەکردووەتەوە و هەڵینەکردووە. راستەوخۆ نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرنەبەر، تاوەکو مۆڵەت و شوێنەکەی لێوەربگیرێتەوە." لەسەر هەمان کێشەی موەلیدەی گوندی براغ، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاشکرای کرد کە خاوەنی ئێستای موەلیدەکە رەتی دەکاتەوە موەلیدەکەی بخاتەوە کار و گوتی، "بەهۆی ئەوەی خاوەنی موەلیدەکە ئامادە نییە کارەبا بە دانیشتووانی گوندی براغ بداتەوە، ئێمە وەک ئەنجوومەن راگەیاندنمان کردووە کە شوێنەکە ئامادەیە و دەرگا واڵایە بۆ هەر سەرمایەگوزار یان خاوەن موەلیدەیەک کە بیەوێت بچێت لەو گوندە موەلیدە دابنێت و کارەبا بۆ هاونیشتمانییان دابین بکات."