رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و نەبوونی هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی حکومی، ئەمڕۆ بەیانی نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی هەولێردا 10 هەزار دینار بەرزبووەوە و گەیشتە 300 هەزار دینار.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، نرخی بەرمیلێک نەوت 10 هەزار دینار بەرزبووەوە، خواست لەسەری زیادی کردووە و بڕی لە بازاڕدا کەمە."
سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانیش هۆشداری دا و گوتی: "پێشبینی دەکەین ئەگەر لەم ماوەیەدا حکومەت نەوی دابەش نەکات، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و نرخێکی پێوانەیی تۆمار دەکات".
تاوەکو ئێستا وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیار نییە، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا پرۆسەکە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستی پێ دەکرد.
دوێنێ، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنی داوە هەموو هەوڵێک بدات تاوەکو نەوتی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکان بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە کردووە؛ بەجۆرێک لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان بە 160 هەزار دینار بوو، لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا گەیشتە 200 هەزار دینار و لە مانگی ئەیلوولیشدا نرخەکەی 325 هەزار دیناری تۆمار کردبوو.




