رووداو دیجـتاڵ
بەشی کـریەیتیڤ (داهێنان و دیزاین)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەی تۆمارکـرد و توانی خەڵاتی بەناوبانگی (براندی ئەڵمانیا) بۆ ساڵی 2026 بەدەستبهێنێت. ئەم خەڵاتەی رووداو بەهۆی ئەو دیزاین و هەڵمەتە جوانەوە بوو کە ساڵی 2025 بۆ 12ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕەکە ئامادەی کرد. رووداو بەو دیزاین و رەنگە تایبەتانەی بەکاریان دەهێنێت، بووەتە خاوەن مۆرک و براندی جێی سەرنجی لیژنەی خەڵاتەکە.
بۆچی رووداو ئەم خەڵاتەی پێدرا؟
لیژنەی بڕیاردەرانی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە سەرسام بوون بە کارەکەی رووداو و رایانگەیاند، هەڵمەتەکەی رووداو بە دەست و پەنجەی بەشی گـرافیستەکانی، "زۆر بەهێزە و بەباشی توانیویەتی پەیام و کولتووری رووداو بە خەڵک بگەیێنێت."
خەڵاتی براندی ئەڵمانیا چییە؟
ئەم خەڵاتە لە ساڵی 2016ـەوە دەبەخشرێ و یەکێکە لە گـرنگترین خەڵاتەکانی ئەورووپا بۆ ئەو کۆمپانیایانەی جوانترین و باشترین دیزاین و براندیان هەیە. بۆ ئەوەی بزانیت ئەم خەڵاتە چەندە گەورەیە، پێشتر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان وەک (پۆرشە، مێرسیدس، بی ئێم دەبلیو، بۆش، لوفتهانزا و سیمێنس) ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە.
دوو خەڵات لە چەند رۆژێکدا!
ئەمە تەنیا سەرکەوتن نەبوو بۆ رووداو لەم چەند رۆژەدا. تەنیا دوو رۆژ پێشتر و لە 23ـی تەممووز، دیدار دڵشاد لە تیمی کـریەیتیڤی رووداو، خەڵاتێکی دیکەی جیهانی بە ناوی (Motion Design Awards) بۆ باشترین ڤیدیۆی رۆژ بردەوە، ئەوەش بەهۆی دروستکـردنی ڤیدیۆی دەستپێکی بەرنامەی Plan Aی لە رووداو، کە لێهاتوویی تیمی رووداو لە دروستکـردنی ڤیدیۆی جووڵاو و چیرۆکی سەرنجڕاکێشدا سەلماند.
رووداو بووەتە خاوەنی 4 خەڵاتی جیهانی
لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا، بەشی کـریەیتیڤی رووداو توانیویەتی 4 خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتی بباتەوە، کە بریتین لە:
- 1. خەڵاتی دیزاینی فەرەنسی
- 2. خەڵاتی ستیڤی
- 3. خەڵاتی ڤیدیۆی رۆژ (Motion Design)
- 4. خەڵاتی براندی ئەڵمانیا




