رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیێنێت، لیژنەکانیان دەستیان بە چاودێریکردنی بەنزینخانەکان کردووە و هەر بەنزینخانەیەک پابەندی نرخە نوێیەکان نەبێت، دادەخرێت و دەست بەسەر بەنزینەکەیدا دەگیرێت. هاوکات جەخت دەکاتەوە، بەرهەمی رۆژانەی هەرێمی کوردستان تەنیا چارەکێکی پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، "پێویستە حکومەتی عێراق بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت."
رێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "کاتێک هەستاین بە ئاسانکاریی تەواو بۆ هاوردەکردنی بەنزین، بۆ ماوەیەکی کەم نرخی بەنزین دابەزی، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نرخەکەی گەیشتە 1,400 دینار، ئەمەش جۆرێک بوو لە قۆرخکاری."
بە گوتەی رێبین زەنگەنە، بازاڕی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئازادە، "بەڵام نابێت بگاتە ئاستی قۆرخکردن و بەرزکردنەوەی نرخ لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان."
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناجێگیریی نرخی بەنزین، کەمیی بەرهەمی ناوخۆییە بە بەراورد بە خواست. هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 6 ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام پاڵاوگەکانی ناوخۆ تەنیا نزیکەی 25%ی ئەو بڕە دابین دەکەن.
رێبین زەنگەنە لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە دوو پاڵاوگەمان هەیە، کە بەپێی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان بۆ دابین دەکرێت. ئەم بڕە بە هیچ شێوەیەک پێداویستیی ناوخۆ پڕناکاتەوە."
ئەو روونیکردەوە، "ئەو 50 هەزار بەرمیلە، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەمدێت. واتە ئێمە رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار لیتر کورتهێنانمان هەیە، ئەمەش لە رێگەی هاوردەکردنەوە پڕ دەکرێتەوە."
بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەی تایبەت لەسەر ئاستی پارێزگاکان پێکهێنراوە. رێبین زەنگەنە هۆشداری دەداتە خاوەن بەنزینخانەکان و دەڵێت، "لیژنەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە و سەردانی هەموو بەنزینخانەکان دەکەن. هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی هەبێت و نەیفرۆشێت یان پابەندی نرخەکان نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جەختیکردەوە، "ئەگەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات، یەکسەر دادەخرێت و حکومەت دەست بەسەر بەنزینەکەیدا دەگرێت و بەو نرخەی دیاری کراوە، دەفرۆشرێت."
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین بەنزینخانە کە سەرەتا بە بیانووی نەبوونی بەنزین دایانخستبوو، دوای دەستبەکاربوونی لیژنەکان کراونەتەوە و پابەندی نرخە نوێیەکان بوون.
یەکێک لەو پرسیارانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، نرخی بەنزینی "موحەسەن" و "سوپەر"ە. رێبین زەنگەنە ئاشکرای کرد کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان، تێچووی یەک لیتر بەنزینی موحەسەن لەسەر خاوەن بەنزینخانە "دەورووبەری 850 دینار و کەمتر لە 1,000 دینار دەکەوێت،" بەڵام تاوەکو چەند رۆژێک لەمەوبەر بە 1,300 دینار و زیاتریش دەفرۆشرا.
رێبین زەنگەنە داوای لە خاوەن بەنزینخانەکان کرد پابەندی بڕیارەکە بن و دڵنیاییشی دایە هاووڵاتییان کە "بە هەموو شێوەیەک چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین و هیچ ئاسانکارییەک بۆ سەرپێچیکاران ناکرێت."

