رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لێچوونی گاز لە ماڵێکی سنووری شارۆچکەی سەرکەپکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، پێنج ئەندامی خێزانێک برینداربوون و یەکێکی دیکەیان گیانی لەدەستدا.
دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، لە گوندی دێرێ لە سنووری شارۆچکەی سەرکەپکان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەهۆی لێچوونی گازەوە ماڵێک ئاگری گرت و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج ئەندامی دیکەی هەمان خێزان برینداربوون.
لە بەردەم نەخۆشخانەی رانیە، شایەتحاڵێکی رووداوەکە قسەی بۆ ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی راپەڕین کرد و گوتی: "لە کاتی تەقینی گازەکەدا ئافرەتێک کە جلەکانی گڕی تێبەرببوو رایکردە دەرەوە و ئێمە فریای کەوتین. کە چووینە ژوورەوە بینیمان منداڵێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندارن."
ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی سێ ساڵە و کوڕە.
سێ لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون و تەرمی منداڵەکەش لە دادپزیشکی رانیەیە.
