رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان دوو کەسدا، لە قەیسەریی شاری هەولێر تەقە کرا و لە ئەنجامدا کەسێک بە سەختی بریندار کرا.
رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، دیدار یوونس، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی قەیسەری کە خۆی لە هەمان کاتدا دووکاندارە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەناو بازاڕی قەیسەری دوو کەس کە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لە نێوانیان هەبووە، بووەتە شەڕیان؛ لە ئەنجامدا تەقە کراوە و گوللە بەر سەری کەسێکیان کەوتووە و بەسەختی بریندار کرا."
ئەو کەسەی بە سەختی بریندار کراوە راستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی کۆنەوە، دەمەقاڵێ و شـ.ـەڕ لە نێوان دوو لایەندا ڕوویدا. لە ئەنجامدا تـەقەکراوە و هاوڵاتییەک لە نێوانیاندا بـریندار بووە".
پۆلیسی هەولێر لەراگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو لایەنی شەڕەکەیان دەستگیرکردووە
رووداوەکە نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارە روویداوە. سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی شەڕەکەیان کردووە، دیدار یوونس روونیکردەوە: "هیچ کام لەو دوو کەسە دووکانداری بازاڕی قەیسەری نین، بەڵکو کێشەکەیان هێناوەتە ناو بازاڕەکە."
دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی قەیسەری دەڵێت: "ئێستا تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش لەوێن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە."
رووداو پەیوەندیی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام لەبەرئەوەی رووداوەکە نوێ بوو، ئامادە نەبوون جارێ لێدوان بدەن.



