رووداو دیجیتاڵ دانیشتووانی گوندی گڕاوخەیلانی لە سنووری قەزای شەقڵاوە دەڵێن، قوتابخانەی گوندەکەیان لە چەند کابینەیەک پێکهاتووە و بەکەڵکی خوێندن نایەت، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکەیش ئاماژە بەوە دەکات، دەرخستە کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارەکان راگیراون. لەو گوندەدا نزیکەی 130 بۆ 140 خوێندکار لەنێو بینایەکی زۆر کۆن و چەند کابینەیەکدا دەخوێنن، ئەمەش نیگەرانیی کەسوکاری خوێندکارانی لێکەوتووەتەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن. دانیشتوویێکی گوندی گڕاوخەیلانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "باڵەخانەی قوتابخانەکەی ئێمە لە سێ ژووری زۆر کۆن و چەند کابینەیەک پێکهاتووە کە هیچ مەرجێکی خوێندنی تێدا نییە. دەرگە و پەنجەرەکانی شکاون، ئاوی خاوێن و خزمەتگوزاریی نییە، گۆڕەپانەکەی پڕ لە تۆز و خۆڵە و لە وەرزی زستانیشدا دەبێتە قوڕ." ئەو هاونیشتمانییە لە رێگەی رووداوەوە داوای لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرد باڵەخانەیەکی نوێ بۆ قوتابخانەکەیان دروستبکرێت تاوەکو گیانی منداڵەکانیان پارێزراو بێت. پەروەردەی شەقڵاوە: کێشەکە داراییە لە بەرامبەردا، خدر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە، بە رووداوی راگەیاند: "لە لایەن پەروەردەوە تەواوی دەرخستە و نەخشەی دروستکردنی باڵەخانەی نوێ بۆ قوتابخانەی گڕاوخەیلانی ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دواکەوتووە." بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە گوتی، دانانی کابینە تەنیا چارەسەرێکی کاتییە و لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو لە رێگەی حکومەت یان رێکخراوەکانەوە پڕۆژەی دروستکردنی بینای نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.