رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند، کە ئێوارەی دوێنێ لە ناو باخێکی سنووری رانیە، بە چەکی جۆری تاپڕ براژنەکەی خۆی کوشت.
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین و لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی راپەڕین و بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین کراوە.
پۆلیس دەڵێت: "بە کەمتر لە 11 کاژێردا توانرا تۆمەتبارەکە لە شاری رانیە دەستگیر بکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو چەکەی (تاپڕ) کە تاوانەکەی پێ کردبوو."
تۆمەتبارەکە ناوی (م. ج. خ) و لەدایکبووی ساڵی 1986ـە، لەبەردەم پۆلیس و دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. بەپێی راگەیێندراوەکە تۆمەتبار گوتوویەتی، کاتێک دایک و باوک و برا و براژنەکەی لە ناو باخەکەیان بوون، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ براکەی تەقەی بە ئاراستەی ئەوان کردووە و لە ئەنجامدا براژنەکەی بەناوی (ا. ر. ع) پێکاوە.
دوێنێ شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بە رووداوی راگەیاندبوو: "رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، لە باخێکی نزیک رانیە روویداوە. قوربانییەکە تەمەنی 26 ساڵان بووە و تەنیا چەند رۆژێک بوو شووی کردبوو."
ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.




