رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی باخچەکانی کەلار رایدەگەیێنێت، رێژەی سەوزایی شارەکە گەیشتووەتە 8%، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی کارمەندەکانیان، گرفت بۆ خزمەتکردنی باخچەکان دروست بووە.
ئارام نەجمەدین، لێپرسراوی بەشی باخچەکانی شارەوانیی کەلار بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، بەپێی سیستمی نەخشەسازیی جوگرافی (GIS)، رێژەی سەوزایی کەلار گەیشتووەتە 8%، کە 65 باخچە و پارک (جگە لە بلوارەکان) لەخۆ دەگرێت.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بەشی باخچەکانی کەلار، کەمیی هێزی کارە. ئارام نەجمەدین گوتی: "بەهۆی راگیرانی 'لەجێگەدانان'، ناتوانین کەس لە شوێنی کارمەندە خانەنشینکراوەکان دابنێین. تەنانەت کارمەندمان هەیە زیاتر لە ساڵێکە فەرمانی دامەزراندنی تەواو بووە، بەڵام بەغدا مووچەی بۆ خەرج ناکات."
سەبارەت بە ئاودانی باخچەکانیش لەم وەرزە گەرمەدا، لێپرسراوی باخچەکانی کەلار ئاماژەی بەوە کرد، گرفتێکی ئەوتۆیان نییە و ئاودانی ئەو شوێنانەی بیریان نییە، لە رێگەی تانکەرەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دابین دەکرێت.
ئارام نەجمەدین تیشکی خستە سەر جۆری ئەو درەختانەی کە لەگەڵ گەرمای 46 پلەی سیلیزیی کەلار دەگونجێن و گوتی: "درەختی فیکس (کە هاووڵاتییان بە چنار ناوی دەبەن) سەرکەوتووترینە و لەم گەرمایەدا لە گەشەکردن ناوەستێت."
هەروەها بەرگریی لە درەختی "یوکالیپتۆس" (قەڵەم تۆز) کرد و رایگەیاند، ستەم لەم درەختە کراوە و لەڕووی زانستییەوە ئاو بەفیڕۆ نادات، جگە لەوەی گەڵاکانی بۆ دەرمان و هەنگوینەکەی لە باشترین جۆرەکانە، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت لە نزیک شەقام و دیوار بچێنرێت.
کەلار وەک شارێکی پێشەنگ لە بواری رواندنی هەندێک جۆری رووەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت. لێپرسراوی باخچەکانی کەلار گوتی: "ئێمە یەکەم شار بووین لە کوردستان کە لە ناوەندی شەقامەکاندا سیاجی رووەکی 'دادۆنیا'مان بەکار هێنا، ئێستاش شارەکانی وەک هەولێر و سلێمانی پەیوەندییان پێوە کردووین بۆ سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە."
ئارام نەجمەدین ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە ئەمساڵ هیچ پارکێکی نوێ دروست نەکراوە، بەڵام خەریکی گۆڕینی سیستەمی ئاودانی شەقامەکانن بۆ سیستەمی مۆدێرن (مەڕەشە و نۆزڵ).



