رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بڕیاری پێشوو بۆ دامەزراندنی "پۆلیسی گەشتیاری" بە مەبەستی پاراستنی ناوچە گەشتیارییەکان، زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەی دامەزراندنی 165 دەرچووی بەشەکانی گەشتوگوزار لە ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە کە هەموو رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانیان بڕیوە، لەلایەن سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگیراوە.
یەکێک لەو دەرچووانە بە رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2024 بە فەرمی بۆ چاوپێکەوتن بانگکراین بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەش لەلایەن ئاسایشی ناوچەکانی خۆمانەوە رێکارە ئەمنییەکانمان بە سەرکەوتوویی بڕی، بەڵام ئێستا بڕیارەکە راگیراوە."
بڕیاربوو ئەو دەرچووانە وەک پۆلیسی گەشتیاری لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابمەزرێن، بە مەبەستی پاراستنی ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە رێککەوتی 5ی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی ژمارە (4362) داوای لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی ئەو 165 کەسە بە شێوازی گرێبەست بدات.
بەڵام لە وەڵامدا، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێککەوتی 19ی شوباتی 2025 بە نووسراوی ژمارە (2449) وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆسەی دامەزراندنەکە راگیراوە.
پلەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کرابوون، هەولێر: 30 پلە، سلێمانی: 30 پلە، دهۆک: 25 پلە، هەڵەبجە: 15 پلە، سۆران: 20 پلە، گەرمیان، راپەڕین و زاخۆ: هەر یەکەیان 15 پلە
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، وردەکاریی دامەزراندنی ئەو کەسانە لای وەزارەتی ناوخۆیە و ئەوان سەرپەرشتیی پڕۆسەکەیان کردووە.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر هۆکاری راگرتنی بڕیارەکە، پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.



