رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمشەو، بەڵام گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بەردەوامن.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەخانەی هەولێر کراوەیە و گەشتەکان بەردەوامن و هیچ کێشەیەکیان نییە."
بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەمشەو بۆ سەر چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، بەشێک لە گەشتیاران و هاووڵاتییان دوودڵ بوون لەوەی گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن.
موهەنەد ئەحمەد میر، پسپۆڕی کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی گەشتیاری لە هێڵی ئاسمانی فلای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتەکانمان ئاسایین و بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر دیاریکراوە بەڕێوەدەچن."
ئەمشەو نزیک کاژێر 09:00، بە چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و بەپێی زانیارییەکان هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە. هەروەها لە کاژێر 09:20 خولەک، دیسان درۆن ئاراستەی هەولێر کرا.
لە شەقامێکی هەولێر پارچەی درۆنێک بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە و زیانی گیانی نەبووە، ئەمە بەگوێرەی ڤیدیۆی هاونیشتمانییان و شایەتحاڵان لە شوێنی رووداوەکە.
هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵگرتنەوەی پارچەی درۆنە تێکشێندراوەکان کردووە.



.png&w=3840&q=75)
