رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 4900 مێگاوات، کە 134 مێگاواتی لە رێگەی وزەی خۆرەوە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە بەرهەمدێت.
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-07-2026، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان 4900 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، کە بەراورد پار 700 مێگاوات زیادی کردووە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 1900 مێگاوات زیادی کردووە.
سەبارەت بە پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە، فارس میرخان ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا 134 مێگاوات کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەمدێت. گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی رووناکیدا بەکارهێنانی وزەی خۆری لەبەرچاو گرتووە؛ بۆ نموونە ئەگەر هاونیشتمانییەک 1000 کیلۆوات کارەبای بەکارهێنابێت و 800 کیلۆواتی لە رێگەی وزەی خۆرەوە دابین کردبێت، تەنیا تێچووی 200 کیلۆواتەکەی بۆ هەژمار دەکرێت."
فارس میرخان دەڵێت، وزەی خۆر سەرچاوەیەکی "پاک و دۆستی ژینگە"یە و حکومەت هانی هاونیشتمانیان دەدات زیاتر سوودی لێ ببینن.
سەبارەت بە پلانی داهاتووش گوتی: "پلانمان هەیە رێژەی بەرهەمهێنان لە رێگەی وزەی خۆرەوە زیاتر بکەین. بەپێی ستانداردەکان، دەکرێت تاوەکو 20%ـی کۆی کارەبای نیشتمانی لە رێگەی وزەی خۆرەوە بێت، چونکە ئەم سیستەمە تەنیا بە رۆژ کار دەکات و ناتوانرێت بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێت."
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، ریزبەندیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەڕووی ژمارەی هاوبەشانی سیستمی سۆلار تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەم شێوەیەیە بووە:
سلێمانی: 2,590 هاوبەش (337 بازرگانی، 15 پیشەسازی و 70 کشتوکاڵی)
هەولێر: 740 هاوبەش (715 ماڵان و 25 بازرگانی)
دهۆک: 530 هاوبەش (دهۆک: 271، بەردەڕەش: 138، سێمێل: 53، زاخۆ: 33، شێخان: 25، ئامێدی: 10)
هەڵەبجە: 204 هاوبەش
سۆران: 95 هاوبەش (87 ماڵ و 8 بازرگانی)
.jpg&w=3840&q=75)


