رووداو دیجیتاڵ
دوای بەدواداچوونێکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداو، پۆلیسی دهۆک راگەیاند، رێکارە یاساییەکانیان بۆ دەستگیرکردنی جادووگەران چڕتر دەکەنەوە و رێکاری تووند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر، کە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026 هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەندین ساڵە ئێمە کار لەسەر ئەم کەیسانە دەکەین و بە دەیان کەسمان دەستگیرکردووە، بەڵام دوای بەدواداچوونی رووداو، ئێستا بەدواداچوونەکانمان چڕتر دەکەینەوە، چونکە ئەوەی باسی دەکەین دیاردەیەکی مەترسیدارە و هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ بنبڕکردنی."
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی: "ئەم ساڵ و پاریش زۆر کەسمان دەستبەسەرکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە."
ئەو کەسانەی خەریکی جادوون، بە تاوانی فێڵبازی بەپێی مادەکانی 456 و 457 دەستگیر و دادگایی دەکرێن، سزاکەشیان زیندانی یان پێبژاردنە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت: "هەندێک لەو جادووگەرانە سەرەڕای گرتن و سزادانیان، بەڵام دوای ئازادبوونیان دووبارە دەست بەو کارە دەکەنەوە."
پۆلیسی دهۆک ئەم بڕیارەی دوای بەدواداچوونێکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداو دا، کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام بوو. رووداو لەو بەدواداچوونەدا پەردەی لەسەر کار و فێڵی ئەو جادووگەرانە لادا کە لە بەشێکی گەڕەکەکانی دهۆکدا بە ناوی "مەلا" و "چارەسەرکەری دەروونی" خەڵکیان هەڵدەخەڵەتاند.
بۆ سەلماندنی راستی، تۆڕی میدیایی رووداو دوو کەسی وەک خاوەن کێشە ناردە لای یەکێک لەو کەسانەی کە خۆی بە "مەلا" ناساندبوو. ئەو کەسە لە بەرامبەر 100 دۆلاردا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و گوتی: "من دەرمانێکت بۆ دروست دەکەم؛ بۆ ماوەی 40 رۆژ لەگەڵ ئاودا دەیخۆیتەوە... ئەگەر ئەوەی دروستم کرد چارەسەرتی نەکرد، بە شێوەیەکی دیکە دروستی دەکەم."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، تەنیا پار 8 کەس لەسەر جادووکردن لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون.


.jpg&w=3840&q=75)

