رووداو دیجیتاڵ
سایلۆی سلێمانی دەڵێت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەرگرتنی نۆرە لە سایلۆی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام گۆڕانکاری لە سیستمی نۆرەگرتندا کراوە و دەبێت جووتیار ناوی شۆفێر و ژمارەی ئۆتۆمبێل تۆمار بکات.
ئەمڕۆ 15ی تەممووزی 2026 نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، دەبێ ناوی شۆفێر، ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێل تۆمار بکرێت، بە پێچەوانەوە مافی خاوەن گەنم دەفەوتێت و ناتوانێت نۆرە بگرێت.
وەرگرتنی گەنم بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سلێمانی دوای ئەوە دێت، کە بەغدا رەزامەندی دا لەسەر درێژکردنەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ پرۆسەکە کۆتایی بێت.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.



.jpg&w=3840&q=75)