رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی مانگێشکی دهۆک ئۆتۆمبێلێک، دەڕاسەیەک و ئامێرێکی کشتوکاڵی پێکیاندادا. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای 122ی دهۆک دەڵێ، کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
رووداوەکە درەنگانی شەوی سێشەممە 14-07-2026 لەنزیک گوندی کۆڤلێی سەر بە ناحیەی مانگێشکی پارێزگای دهۆک لەنێوان دەڕاسەیەک، تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری BMW روویداوە.
دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، برینداران گەیێندراونەتەوە فریاکەوتنی دهۆک. هەیسەم بەربوهاری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای 122ی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوون.
بە گوتەی هەیسەم بەربوهاری، ئەوەی گیانی لەدەستداوە و هەر چوار بریندارەکان لە تراکتۆرەکەدا بوونە، ''ئێستا سەرجەم برینداران لە نەخۆشخانە خەوێندراون؛ یەکێکیان لەژێر چاودێریی چڕدایە و یەکێکی دیکەش دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.''
تاوەکو ئێستا هۆکاری پێکدادانەکە نازانرێ و پۆلیسی هاتووچۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترە لە رووداوەکە.


.jpg&w=3840&q=75)
