رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دزێک چووەتە سەر باخێک لە گوندێکی سەر بە ناحیەی لەیلان، خاوەنی باخەکەی کوشتووە و تەقەی لە کرێکارەکەی کردووە و دواتر هەڵاتووە.
عەقید عامر شوانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە."
هاونیشتمانییە کوژراوەکە ناوی (ستار جەبار)ـە، کوردە و خەڵکی کەرکووکە، شوان بووە و نیشتەجێی گوندی عوسمان لەکی سەر بە ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، ئەو کەسە بۆ دزینی گەنم چووەتە باخەکە، کە خاوەنەکەی دەیبینێ رێگریی کردووە و شەڕ لە نێوانیان دروست بووە، لە ئاکامدا تەقە لە خاوەنی باخەکە دەکات و کرێکارێکی عەرەبیش کە لە باخەکە کاری کردووە، بریندار دەکات و هەڵدێ.
عامر شوانی روونیکردەوە، دزەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵی پێبووە، بەڵام وەریگەڕاندووە و دواتر بە ئۆتۆمبێلی خاوەن باخەکە هەڵاتووە.
لەبارەی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە، عامر شوانی دەڵێ، "لەیلان گوندە و هیچ کامێرایەکی چاودێریی لێ نییە، بۆیە نەمانتوانیوە دزەکە بناسینەوە، بەڵام گومان دەکەین لە رێگەی قادرکەرەمەوە بەرەو هەرێمی کوردستان رۆیشتبێ."
بە گوتەی عەقید عامر شوانی، ئێستا تەندروستیی کرێکارە بریندارەکە جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکدایە؛ تەرمی ستار جەباریش رەوانەی پزیشکی دادوەریی کەرکووک کراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکە چڕ کراوەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)