رووداو دیجیتاڵ
جادوو لە سنووری پارێزگای دهۆک بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و مەترسیدار؛ ژمارەیەک کەس بەناوی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانەوە، خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە و پارە و زێڕیان لێ وەرگرتوون. شارەزایانی دەروونی هۆکارەکەی بۆ نەبوونی هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی دەگەڕێننەوە، مامۆستایانی ئایینیش هۆشداری دەدەن لەوەی "کوفر و دژ بە شەریعەتی ئیسلام"ە.
لە بەدواداچوونێکی نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، کە زیاتر لە یەک مانگی خایاندووە، دەرکەوتووە لە بەشێکی گەڕەکەکانی دهۆک دا کەسانێک هەن جادووگەرن.
یەکێک لە قوربانییەکان کچێک بووە کە بۆ گەڕاندنەوەی دەستگیرانەکەی پەنای بۆ جادووگەرێک بردووە؛ دوای ئەوەی لە ماوەی 3 مانگدا 25 مسقاڵ زێڕ و نزیکەی 500 هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، جادووگەرەکە خۆی ون کردووە.
ئەو کچە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زێڕەکانمم دایە جادووگەرەکە و گوتی، بەم 5 بازنە دەستگیرانەکەت بۆ دەگەڕێنمەوە و وا لە ماڵەوەتان دەکەم لەگەڵت باش بن. گوتی، پێویستە بێمە لای تۆ، بەڵام من ئەوەم قبووڵ نەکرد."
بەشێک لەو کارانە لە رێگەی گرووپی تایبەتەوە دەکرێن، کە ئافرەتان بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و راکێشانیان بۆ لای جادووگەرەکان دروستیان کردوون. سەرپەرشتیاری یەکێک لەو گرووپانە، کە خۆی وەک زیانلێکەوتوو ناساند، گوتی، "ئەو کەسە زێڕ و پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بە بیانووی ئەوەی مێردەکانیان یان منداڵەکانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دواتر خۆی ون کردووە و لە دادگەی دهۆک سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە."
بۆ سەلماندنی راستیی دیاردەکە، تۆڕی میدیایی رووداو دوو کەسی وەک خاوەن کێشە ناردە لای یەکێک لەو کەسانەی خۆی بە "مەلا" ناساندبوو. ئەو کەسە لە بەرامبەر 100 دۆلاردا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و گوتی، "دەرمانێکت بۆ دروست دەکەم؛ بۆ ماوەی 40 رۆژ لەگەڵ ئاودا دەیخۆیتەوە... دوای ئەوە بخوردێک دەسووتێنم. ئەگەر ئەوەی دروستم کرد چارەسەری نەکرد، بە شێوەیەکی دیکە دروستی دەکەم."
"نەزانیی خەڵک وای کردووە پەنا بۆ قۆڵبڕەکان ببەن"
دکتۆر وارژین یاسین، شارەزای دەروونی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زۆربەی ئەو کەسانەی پەنا بۆ ئەو کارانە دەبەن، لە بنەڕەتدا کێشەی دەروونییان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر نیشانەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان، روو لەو کەسانە دەکەن کە "قۆڵبڕن و سوود لە نەزانییەکەیان وەردەگرن."
دکتۆر وارژین یاسین گوتی، "زۆرجار نەخۆش هەیە حاڵەتی تووندی دەروونیی (سایکۆسس)ی هەیە، وڕێنە دەکات و شتانێک دەبیستێت و دەبینێت. وا بیر دەکرێتەوە ئەمە پەیوەندیی بە جنۆکە و سیحرەوە هەیە، لە کاتێکدا لەڕووی زانستییەوە، ئەمە پەیوەندیی بە گۆڕانکاری لە مێشکدا هەیە."
شارەزا دەروونییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، گوشاری دەروونی لەسەر ژنان زیاترە و ئەمەش وای کردووە زیاتر روو لەو کارانە بکەن. ئەو رێگەی چارەسەری بە پەنابردن بۆ زانست دادەنێت و دەڵێ، "یەکەم وشەش کە دابەزیوە (اقرأ) بووە، واتە بخوێنە و پەنا بۆ زانست ببە."
"سیحر کوفرە"
لە لایەکی دیکەوە، مامۆستایانی ئایینی جەخت لەوە دەکەنەوە سیحر لە ئیسلامدا حەرامە و بە یەکێک لە تاوانە گەورەکان دادەنرێت. مەلا دژوار سەلاحەدین، مامۆستای ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە سیحر لەڕووی عەقیدەوە کوفرە، چونکە مرۆڤ ناتوانێ ببێتە ساحیر تاوەکو پەنا نەباتە بەر کاری زۆر خراپ."
مەلا دژوار ئاماژەی بەوەش کرد، سزای ئەو کەسانە لە هەندێک گێڕانەوەدا "کوشتنە، واتە لەسێدارەدان." هەروەها رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە دەچنە لای جادووگەرەکان و گوتی: "ئەگەر خەڵک نەچنە لایان، کەس جادوو ناکات. هەر شتێک خواستی لەسەر زیاد بوو، ئەو شتەش زیاد دەکات."
مەلا نیوار جومعە، مامۆستایەکی ئایینییە لە دهۆک و جادوو پووچەڵ دەکاتەوە، بە گوتەی خۆی، رۆژانە نزیکەی 150 کەس سەردانی دەکەن. ئەو گوتی، دیاردەکە ئەوەندە بڵاو بووە کە "رەنگە لە زۆربەی ماڵاندا هەبێت،" بەتایبەتی سیحری "جیاکردنەوەی هاوژینان و دواخستنی پڕۆسەی هاوسەرگیری."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، پار 8 کەس لەسەر جادووکردن لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیر کراون.

.jpg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)