رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند، تیمەکانیان توانییان ئاگرێکی گەورە لە ناوچە سنوورییەکان کۆنترۆڵ بکەن کە بەهۆی تەقە لە دیوی ئێرانەوە کەوتبووەوە. بەهۆی سەختیی ناوچەکە و رەشەبایەکی بەهێز، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە زیاتر لە 15 کاژێری خایاند.
رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026 عەمید ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 02:00ی شەوی رابردوو، لە ناوچەی گریانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی تەقەکردن لە دیوی ئێرانەوە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەکە کەوتەوە. بەهۆی هەبوونی رەشەبایەکی بەهێز، ئاگرەکە بە خێراییەکی زۆر تەشەنەی کرد و رووبەرێکی فراوانی گرتەوە."
بەپێی گوتەکانی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی، "ئاگرەکە زیانی بە 50 بۆ 60 دۆنم زەوی دارستان و داربەڕوو و قەزوان گەیاندووە. گەیشتنی تیمەکان بەهۆی سەختیی رێگاکە و بەرزیی شوێنەکە کاتی زۆری خایاندووە، کە ناوچەکە هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە."
عەمید ئەنوەر عومەر گوتی، "تیمەکانمان لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شاخەکە زۆر سەخت بوو، پێویستمان بە هێزی زیاتر بوو. بۆیە لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ سێ تیمی دیکەی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە."
کاژێر 05:30ـی ئێوارە توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی دڵنیایی دا کە هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکەدا نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە هەم لە دیوی ئێران هەم کوردستان.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان هێشتا لە ناوچەکەن بۆ رێگری لە هەر ئەگەرێکی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە.


.jpg&w=3840&q=75)

