رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر، رێنمایی نوێ لەبارەی "هەژماری من" بڵاودەکاتەوە؛ سەرۆکی لیژنەی بایۆمەترییش دەڵێت: "تاوەکو کۆتایی ساڵ ئەوەی "هەژماری من"ی نەبێ، مووچەی رادەگیرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2026 ئاراس فەتحوڵڵا عارف، سەرۆکی لیژنەی بایۆمەتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر بە رووداوی گوت: "ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بایۆمەترییان نەکردووە؛ هەندێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، یان نەخۆش و بێهۆشن ناتوانن بێن بایۆمەتری بکەن.
بە گوتەی ئاراس فەتحوڵڵا زیاتر لە شەش هەزار کارتی بانکی کە چوونەتە نێو هەژماری من هاتووەتەوە، بەڵام سێ تاوەکو چوار هەزار کەس نەچوون کارتەکانیان وەربگرنەوە.
سەرۆکی لیژنەی بایۆمەتری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر دەڵێت: "بەهۆی خێراکردنی پرۆسەی بە بانکیکردن، ئێستا نامە بۆ هاوبەشەکان ناگەڕێتەوە و ستافی هەژماری من وایان لێکردووە. هاوکات ئەوانەی ناچن کارتەکانیان وەربگرنەوە، لە بانک مووچەیان وەردەگرن و ئاراستەی ئێمە دەکرێن، ئێمەش رەوانەی بانکەکانیان دەکەینەوە و کارتەکانیان وەربگرنەوە."
ئاراس فەتحوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا کە تاوەکو سەری ساڵ بە بانکیکردن تەواو دەبێ و ئەوانەی کە نەچوونەتە نێو هەژماری من، مووچەکانیان رادەوەستێ و ناتوانن مووچە وەربگرن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو میراتگرانەی تاوەکو ئێستا "هەژماری من"یان نەکردووە و فۆڕمی تایبەتیان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە ستافی هەژماری منیان لێیە بۆ وەرگرتنی کارتی بانکیی مووچە.
میراتگر دەبێت ئەم بەڵگەنامانەیان پێبێت:
- ژمارەی کەسیی بێهاوتا UPN
- ناسنامەی شەهید
- کارتی نیشتمانی
- کارتی زانیاری
- وێنەی تازە و پاسپۆرت
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەو میراتگرانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە بەڵام کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەگەر لە کاتی وەرگرتنی مووچە کێشەیان بۆ دروستبوو، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر لە گەڕەکی ئازادی بکەن، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ وەرگرتنی کارت و مووچەکانیان.
سەبارەت بەو میراتگرانەی خاوەنی دوو مووچەن (فەرمانبەر و میراتگری شەهید) و تەنیا کارتی بانکیی فەرمانبەرییان بۆ کراوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە رایدەگەیێنێت کە مووچەی شەهیدانەکەیان لە بانکەکان دەمێنێتەوە تاوەکو لەلایەن ستافی "هەژماری من" هەردوو مووچەکە دەخرێتە سەر هەمان کارت و یەکدەخرێنەوە.


