رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە ماڵێکی ناحیەی کوڵەجۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کەوتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، کوڕێکی تەمەن شەش ساڵ لە خەودا بەهۆی دووکەڵ و ئاگرەکەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ هەینی 02ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید سۆران محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "منداڵەکە تەمەنی شەش ساڵ بوو، ناوی (ئ،ئ) و خێزانەکەی دانیشتووی قەزای مەندەلین و بە سەردان هاتوونەتە ماڵی نەنکیان لە کۆڵەجۆ".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد، بەگوتەی کەسوکارەکەی منداڵەکە بەتەنیا لەنێو ماڵەکەدا بووە و لەناکاو ماڵەکە ئاگری گرتووە و بەهۆی زۆری سووتاوی و دووکەڵەوە پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، عەقید سۆران محەممەد روونیکردەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و گومان دەکرێ بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت.
خێزانی منداڵەکە بە پۆلیسی گەرمیانیان گوتووە: "لە حەوشەی ماڵەکەدا بووین. کوڕەکەیشمان لە ژوورەوە خەوتبوو و لە ناکاو ئاگر لە ماڵەکە کەوتەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، تەرمی منداڵەکە لە پزیشکی دادی کەلار توێکاری بۆ کراوە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.

