رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێکی بەهێز لە گوندی گریانەی پارێزگای هەڵەبجە کەوتووەتەوە، خەڵکی ناوچەکە داوای بەهاناوەچوون دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.
عەمید ئەنوەرعومەر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئاگرەکە لە کاژێر 5:00ـی بەیانی کەوتووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی پیرمحەممەد و تیمەکانی ناوشاری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گەیشتوونەتە شوێنەکە."
ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لەگەڵ خەڵکی خۆبەخشی گوندی گریانە و دەوروبەری، سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
عەمید ئەنوەر روونیکردەوە، شوێنەکە سەخت و شاخاوییە، هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن نییە و ئەمەش کارەکەیانی دژوارتر کردووە. گوتیشی: "داوامان لە خەڵکی خۆبەخش و تیمەکانی هەڵەبجە کردووە بەهانامانەوە بێن و لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاوکارمان بن."
بە گوتەی عەمید ئەنوەر، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و پێشبینی دەکەن زیانێکی زۆری گەیاندبێت. دەشڵێت: " دەکرێت کاری مرۆڤ بووبێت"
بە گوێرەی داتاکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 4000 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.



