رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری پەروەردە کۆبوونەوە. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، داوای ئەو مامۆستایانەیان گەیاندووەتە وەزیر، کە تاقیکردنەوەی بوونە سەرپەرشتیارییان کردووە و داواکەیان پەسند کراوە.
ژاکاو عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە پەروەردەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە تاوتوێ کرد، کە داواکاری قوتابیان و مامۆستایان بوون.
ژاکاو عەبدوڵڵا گوتی: "ژمارەیەک مامۆستا پێشووتر تاقیکردنەوەیان کردبوو ببنە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، 300یان دانرابوون و ئەوانەی مابوونەوە یەدەگ بوون بۆ کاتی خانەنشینبوون یان هەر رووداوێکی دیکە کە سەرپەرشتیارەکان لابران بخرێنە شوێنیان، بەڵام کاتی یەدەگەکان 31ـی مانگی هەشتی ئەم ساڵ بەسەردەچوو، داوامان کرد وەزیری پەروەردە ساڵێک کات بۆ یەدەگەکان درێژبکاتەوە، ئەویش داواکەی پەسند کرد و ئێستا تاوەکو 31ـی ئابی 2027 سەرپەرشتیارە یەدەگەکان بەگوێرەی پێویست کاتیان هەیە بکرێنە سەرپەرشتیار".
ئەو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی گوتی، بە درێژکردنەوەی ساڵێک بۆ سەرپەرشتیارە یەدەگەکان، "رێگری لە فەوتانی ماندووبوونی مامۆستایان کرا".

