رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی پێگەی کارگێڕیی بازیان لە ناحیەوە بۆ قەزا گۆڕدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانگە گرنگەکان نەکراونەتەوە و بەشێک لە ناحیەکانیشی بێ بەڕێوەبەرن. ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان لە نێوان سلێمانی، چەمچەماڵ و دوکاندا بێن و بچن.
بەهۆی تەواونەکردنی پێکهاتەی ئیداریی قەزاکە، هاووڵاتییانی بازیان بۆ بچووکترین مۆڵەت یان مامەڵەیەکی رۆژانە، تووشی ماندووبوون و خەرجییەکی زۆر دەبن؛ چونکە فەرمانگەکانیان بەسەر سێ شاری دیکەدا دابەش بووە و هێشتا سەربەخۆ نین.
تاریق رەشید، قایمقامی قەزای بازیان بە وەکالەت، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی کردنەوەی فەرمانگەکانی بۆ دۆخی سیاسی و دارایی گەڕاندەوە و گوتی: "حکومەت ئێستا لە دۆخی کاربەڕێکەردایە، بۆیە ناتوانرێت فەرمانگەی نوێ دابمەزرێنرێت. بۆ نموونە؛ ماوەی حەوت مانگە داوای بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەمان کردووە، چونکە 13 هەزار خوێندکار و 60 قوتابخانەمان هەیە، بەڵام بەهۆی یاسای بودجەوە پێمان گوتراوە هیچ 'هێنانەکایە'یەک (استحداث) بۆ ئەمساڵ ناکرێت."
سەبارەت بە دابەشبوونی فەرمانگەکانی قەزاکە بەسەر ناوچەکانی دیکەدا، تاریق رەشید ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانگەی کارەبای بازیان تاوەکو ئێستا لەسەر قەزای دوکانە و هەوڵ دەدەن بیهێننەوە سەر سلێمانی.
بۆ فەرمانگەکەکانی دیکەش گوتی: "بۆ دادگا، بینا و پێداویستیمان ئامادە کردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجوومەنی دادوەری دەکەین دادوەر و نوێنەرمان بۆ بنێرن. هاوکات تاوەکو ئێستا بانک و یەکەی ژمێریاریی سەربەخۆمان نییە و لە ڕووی داراییەوە هێشتا پەیوەستین بە قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانییەوە، نەک پارێزگا."
کێشەکان تەنیا ناوەندی قەزاکەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ناحیەکانیش بەدەست گرفتی کارگێڕییەوە دەناڵێنن. قایمقامی بازیان بە وەکالەت باسی لەوە کرد کە ناوچەی بەردەقارەمان کراوەتە ناحیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەری بۆ دانەنراوە.
تاریق رەشید روونیکردەوە کە دانانی بەڕێوەبەری ناحیە یان جێگیرکردنی پۆستی قایمقامەکان پێویستی بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێم هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە "پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بووەتە رێگرێکی گەورە لەبەردەم تەواوکردنی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی قەزای بازیان."



