رووداو دیجیتاڵ
سێ مامۆستای هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن و داوا دەکەن بڕیارى راگرتنی رێکارەکانی بەرزە مووچە و سەرەمووچەی فەرمانبەران بە نادەستوورى دابنرێت.
بەگوێرەی سکاڵانامەکە کە دەست رووداو کەوتووە، مامۆستاکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە و چەمچەماڵن و تێیدا داوایان کردووە دادگەی فیدراڵی رێکارەکانی راگرتنی سەرەمووچە و بەرزەمووچەی فەرمانبەران بە نادەستووری بناسێنێت؛ بەو پێیەی وەک لە سکاڵاکەدا هاتووە، پێچەوانەی پێنج ماددە و بڕگەی یاسایی و دەستوورى عێراقن.
لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی بڕینی تەواوی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەرزەمووچە و سەرەمووچەی فەرمانبەران راگیراوە.
سەرەمووچە ئەو بڕە پارەیە کە ساڵانە بۆ مووچەی فەرمانبەر زیاد دەکرێت لە بەرامبەر زیاد بوونى خزمەتیان ، بەرزەمووچەش بڕێکی زیادکردنی پارەیە بۆ مووچە کە چوار یان پێنج ساڵ جارێک بۆ فەرمانبەران زیاد دەکرێت.
دادگەی فیدراڵیی عێراق 4ی ئابی دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایە، کە تێیدا داواش کراوە ئەو بڕە پارەیەی بەرزەمووچە و سەرەمووچە کە شایستەی فەرمانبەرانە بۆ ساڵانی دوای راگرتنی، خەرج بکرێت.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "پێشتر سکاڵایەکی لەو شێوەیە لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە و رەتکراوەتەوە، ئەو پرسە پێشینەی یاسایی هەیە."




