رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای دهۆک بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی کەرتی خانووبەرە دەردەکات و کۆتایی بە وەرگرتنی بڕە پارەی زۆر و "نایاسایی" دەهێنێت لە کاتی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، چیدی کۆمپانیاکان ناتوانن بڕی 500 بۆ 2000 دۆلار لە هاووڵاتییان وەربگرن و نرخەکە بۆ 100 دۆلار کەمدەکرێتەوە.
پێشتر هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای دهۆک لە کاتی کڕین و فرۆشتنی شوقە و خانوو لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا، بڕە پارەیەکی زۆریان لێ وەردەگیرا لەلایەن کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکانەوە، کە هەندێک جار دەگەیشتە 2000 دۆلار بۆ هەر مامەڵەیەک، بێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی یاسایی یان پسوولەیەکی فەرمی هەبێت.
بۆ کۆتاییهێنان بەم سەرپێچییانە، کۆمەڵەی نووسینگەکانی خانووبەرە لە دهۆک پێشنیازێکی 11 خاڵیی ئامادە کردووە و رەوانەی پارێزگای کردووە.
عەبدولعەزیز دۆسکی، سەرۆکی کۆمەڵەی نووسینگەکانی خانووبەرەی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە ئەم بوارە رێکبخەینەوە. هەندێک پڕۆژە هەبوون بڕی پارەی یەکجار زۆریان دەسەند، بۆیە لیژنەیەکمان لە پارێزگا پێکهێناوە و بڕیارە بە زووترین کات ئەو خاڵانە واژۆ بکرێن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە."
بەپێی میکانیزمە نوێیەکە کە بڕیارە لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە واژۆ بکرێت، نرخێکی یەکگرتوو بۆ هەموو پڕۆژەکان دیاری دەکرێت. لە کاتی هەر مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتندا، تەنیا 100 دۆلار وەردەگیرێت، بەشێوەیەک کە 50 دۆلاری لەسەر کڕیار و 50 دۆلارەکەی دیکە لەسەر فرۆشیار دەبێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی نووسینگەکانی خانووبەرە بەم نزیکانە بڕیارەکە دەردەچێت هەموو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگرێتەوە، بەمەش کۆتایی بەو بارگرانییە داراییە دەهێنرێت کە ساڵانێکە بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە خراوەتە سەرشانی هاووڵاتییان.



