رووداو دیجیتاڵ
خزمەتگوزاریی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارا کرا.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەی خۆراک لە هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کارا کرا و هەر بەکراوەیی دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، داواکار لە ئەپلیکەیشنەکەیدا داتا و زانیارییەکان و داواکاریی گواستنەوەکە پڕ دەکاتەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراک وردبینی لە زانیارییەکان و داتاکان دەکەن و دواتر رەوانەی بەغدای دەکەن بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست و گواستنەوەی بۆ بریکارێکی دیکە.
ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە لە رێگەی بەرنامەی "کۆبۆنی خۆراکی ئەلیکترۆنی"یەوە کارا کراوە.
سیامەند قادر گوتی، گواستنەوەکە تەنیا لەنێو پارێزگا دەبێت، نێوانی پارێزگاکان ناگرێتەوە، هەر کەسێک کە گواستنەوە دەکات دەبێ کارتی زانیارییش بگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنە، ئەگەرنا ئەپلیکەیشتنەکە پەسندی ناکات.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی لە "بریکارەوە بۆ بریکار" بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە بەغدا و تەواوی پارێزگاکانی دیکە راگەیاند.
وەزارەتەکە رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانیدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی دابەشکردنی خۆراک و ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ هاووڵاتییان لە رێگەی بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێ و دوورکەوتنەوە لە رۆتین".
خزمەتگوزارییەکە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات بە شێوەیەکی خێراتر و لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵەی گواستنەوەی ناویان لە بریکارێکی خۆراکەوە بۆ بریکارێکی دیکە بکەن.



