رووداو دیجیتاڵ
داوادەکرێ زیندانی نوگرەسەلمان نۆژەن بکرێتەوە و ئەو چیرۆکانەی لەو گرتووخانەیەدا هەن بپارێزرێن. پارێزەرێکی دۆسیەی ئەنفالکراوان دەڵێ، قایمقامی قەزای سەلمان پشتیوانیی لە داواکە دەکات.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالکراوان رۆژی دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوایین سەردانمان بۆ نوگرەسەلمان، تەکلیف کامیل، قایمقامی قەزای سەلمان (سەنتەری کارگێڕیی ناوچەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەننا) هاتە لامان و لەبارەی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنە مێژووییە قسەمان کرد."
ئەیاد کاکەیی لەبارەی نێوەڕۆکی قسەکانیانەوە گوتی، قایمقام پێشنیازی ئەوەی بۆ کردوون کە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگە و تەنانەت قوتابخانەکانیش ببەنە نوگرەسەلمان تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی دڵتەزێنی کورد بن لەو گرتووخانەیە.
بە گوتەی ئەیاد کاکەیی، هیچ خزمەتگوزاییەک بۆ ئەوانە دابیننەکراوە کە دەچن سەردانی شوێنەکە دەکەن و "بووەتە وێرانەیەک و پێویستی بە خزمەت و نۆژەنکردنەوەیە."
تەکلیف کامیل، قایمقامی قەزاکە دوو مانگ پێشتر لە ئیڤێنتێکدا پێشنیازی نۆژەنکردنەوەی گرتووخانەکەی کردبوو و گوتبووی "دەکرێ ببێتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی."
ئەیاد کاکەیی روونیکردەوە، دوو گرتووخانە بە ناوی نوگرەسەلمان لە نێو و دەرەوەی قەزاکە هەن، ئەوەیان کە پەیوەستە بە دۆسیەی کوردەوە لە دەرەوەی قەزاکەیە. لەبارەی ئەو گرتووخانەیە گوتی، "نووسراوێکمان لەسەر یەک لە دیوارەکانی دۆزیوەتەوە کە ئاماژەیە بۆ مێژووی دروستبوونەکەی لە ساڵی 1983."



