سومەیە خدر و زینەت ستار رووداو دیجیتاڵ بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، نابێت پرسە لە یەک رۆژ زیاتر بێت و قورئانخوێنی ژن و پیاویش نابێت لە 75 هەزار دینار بۆ رۆژێک زیاتر وەربگرن. ئەمڕۆ دووشەممە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو کۆبوونەوەمان لەبارەی رێکخستنەوە و کۆمەڵێک بڕیاری تایبەت بە پرسە و بۆنە ئایینییەکان کردووە و، لە کۆتایی هەفتە دووبارە کۆبوونەوە دەکەین بۆ زیاتر دڵنیابوون لەسەر رێنماییەکان." نەبەز ئیسماعیل گوتی: "بەڕێوەبەری مزگەوتەکانمان ئاگادار کردەوە کە پرسە تەنیا یەک رۆژە و هیچ خاوەن پرسەیەکیش بۆی نییە مزگەوت و هۆڵی پرسە بگۆڕێت." بڕیار و رێنماییەکانی دیکە ئەمانە بوون: 1- نابێت لە یەک رۆژ زیاتر پرسە لە مزگەوتەکان بەڕێوە بچێت. 2- نرخی قورئانخوێن بۆ پیاوان و ئافرەتان 75 هەزار دینار دیاری کراوە. 3- خاوەن پرسەکان، تەنیا یەک مزگەوت بەکاربهێنن و نابێت شوێن بگۆڕن. 4- رێنماییەکی توند دانراوە بۆ پاک و خاوێنی ژینگە بۆ چاودێریی مزگەوت و خەڵک. 5- ئەگەر لە رۆژێک زیاتر دەرگای مزگەوت بۆ هەر بۆنەیەک بکرێتەوە خاوەنی مزگەوت و مامۆستا تووشی سزای ماددی دەبن. 6- هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی ئایینی، بە بۆنە حیساب دەکرێت، وەک ژن مارەکردن و مەولوود.
هەواڵە ناوخۆییەکان13-07-2026لە رۆڤیا مێرمنداڵێک لەکاتی کارکردن کەوتە ژێر ئامێری هەڵکەندنی پەتاتە و گیانی لەدەستدا