رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ رایدەگەیێنێت، کێشەی کەمیی بەنزین لە سنوورەکە چارەسەر کراوە و بڕیارە نرخی بەنزینی بازرگانی بۆ 850 دینار دابەزێت. دەشڵێت، چاودێرییەکی توند لەسەر کوالێتیی بەنزین هەیە.
ئاراز هاشم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو رایگەیاند، پێشتر بڕی بەنزینی نێردراو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەمتر بوو لە پێویستیی ناوچەکە، بەڵام دوای سەردانی وەزیری سامانە سروشتییەکان و هەوڵەکانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، کێشەکە چارەسەر کرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی زاخۆ، رۆژانە پێویستییان بە 108 بۆ 120 هەزار لیتر بەنزین هەیە بۆ ئەوەی کێشەی کەمیی بەنزین دروست نەبێت. ئاراز هاشم دەڵێت: "داواکاریی زۆری هاووڵاتییان بۆ بەنزینی کوالێتی باش و گرانبوونی نرخەکەی، ببووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەنزینخانەکان."
لەبارەی دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو (حکوومی)، ئاراز هاشم ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت، بەشی ئەوە ناکات بەنزینی حکوومی بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، هەرچەندە دوو پاڵاوگەی ناوخۆیی هەن کە کوالێتیی بەرهەمەکانیان باشە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ هەروەها گوتی: "دوای بڕیاری وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ رێگەدان بە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، نرخەکان لە هەولێر و دهۆک دابەزیون. ئەم کاریگەرییە دەگاتە زاخۆش و نرخی لیترێک بەنزینی بازرگانی بۆ 850 دینار دادەبەزێت."
سەبارەت بە کوالێتیی ئەو سووتەمەنییەی هاوردە دەکرێت، ئاراز هاشم گوتی، ژووری تایبەتی پشکنینیان هەیە، هەر بازرگانێک بەنزینێک بهێنێت کە لەگەڵ ستانداردەکانی ئەوان نەگونجێت، رێگەی پێنادرێت بیفرۆشێت. گوتیشی: "لیژنەکانمان بەردەوام چاودێریی بەنزینخانەکان دەکەن و هەر شوێنێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی زاخۆ دڵنیایی دایە هاووڵاتییان لەبارەی گازی ماڵان و رایگەیاند، ئەو کورتهێنانەی پێشتر بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە دروست ببوو کۆتایی هاتووە و ئێستا گاز بە رێژەی پێویست لەبەردەستە و لەلایەن بریکارەکانەوە دابەش دەکرێت.


