رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ 10 کەسیان بە تۆمەتی راوکردنی ماسی بە نایاسایی دەستگیرکرد. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ماددەی ژەهراوییان بەکارهێناوە.
عەقید سەعد خالید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ، رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی هەینی لە دەڤەری باکرمانی سەر بە قەزای ئاکرێ، خاڵی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری 10 کەسیان لەو ناوچەیە دەستگیرکردووە کە ژەهریان بۆ راوەماسی بەکارهێناوە."
سەعد روونیکردەوە، ئەو ماددەیەی بەکاریانهێناوە دەبێتە هۆی پیسبوون و ژەهراویبوونی ئاو و مرداربوونی سەرجەم ماسی و گیاندارە ئاوییەکانی نێوی، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێتە لایەنی داواکار لە دادگە.
عەقید سەعد ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی یاسا ئەو کارە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت و سزاکەی دەکرێت بەندکردن یان پێبژاردن بێت. گوتیشی: "دۆسیەی تۆمەتبارەکان دراوەتە دادگەی ئاکرێ و ئێستا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ، بەندکراون."
سزای پیسکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و رێنماییە نوێیەکان توندتر کراوەتەوە. هاووڵاتییان لە ئەگەری بڕینەوەی دار و راوکردنی نایاسایی، رووبەڕووی سزای پێبژاردن و بەندکردن دەبنەوە.


