رووداو دیجیتاڵ
کچە مێردمنداڵێکی خەڵکی کۆبانێ کە نیشتەجێی سلێمانییە، کەسوکارەکەی دەڵێن، رفێندراوە بۆ قەندیل. برایەکی قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت: "تەنیا سێ خولەک هێشتیان قسەی لەگەڵ بکەین و دواتر مۆبایلەکەیان لێ سەندین."
عەلی محەممەد حەمێ، برای ئەو کچە رفێندراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خوشکەکەی ناوی (مەنەسا محەممەد حەمێ)ـیە و تەمەنی 15 ساڵە. ئەوان کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن (کۆبانێ) و شەش ساڵە لە گەڕەکی قولەرەیسی لە شاری سلێمانی نیشتەجێن، رۆژی هەینیی رابردوو، لە نێوان کاژێر 02:00 بۆ 03:00ـی دوای نیوەڕۆ، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا بە ئۆتۆمبێلێک رفێندراوە.
عەلی محەممەد قسەی بۆ رادیۆی رووداو کرد و تیشکی خستە سەر تەندروستیی خوشکەکەی و گوتی: "نەخۆشیی دەروونیی هەیە و دۆخی باش نییە، راپۆرتی پزیشکیشمان هەیە کە بیسەلمێنێت نەخۆشە. ئەو هیچ هەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نەبووە تەنیا سناپچات نەبێت، تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنی تایبەت بە خۆیشی نەبووە و کەسیش ناناسین کە هانی دابێت بۆ ئەم کارە."
سەبارەت بە چۆنیەتیی پەیوەندیکردنی خوشکەکەی بەو کەسانەی کە رفاندوویانە، برای مەنەسا ئاشکرای کرد: "ئەوەندەی ئاگادارین خوشکەکەم پەیوەندیی لەگەڵ هیچ کەسێک لە قەندیل یان ناوشار نەبووە. دوای رۆژێک لە رفاندنی، ئەو کەسەی بردبووی پەیوەندیی پێوە کردین و گوتی خۆم بە ئۆتۆمبێل بردوومە. دوای رفاندنەکەش تەنیا بۆ ماوەی چەند خولەکێک رێگەیان دا خوشکەکەم قسەمان لەگەڵ بکات؛ دایکم قسەی لەگەڵ کرد و داوای لێ کرد بگەڕێتەوە، خوشکەکەم دەستی بە گریان کرد، بەڵام خێرا مۆبایلەکەیان لێ سەندین و نەیانهێشت قسەکانمان تەواو بکەین."
"سکاڵامان لە ئاسایش تۆمار کردووە"
ماڵباتی مەنەسا کە دایک و باوکیشی لە ژیاندا ماون، ئاماژە بەوە دەکەن، لەبەرئەوەی لە کۆڵانەکەیاندا کامێرای چاودێری نەبووە، نەیانتوانیوە جۆر و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە ئاشکرا بکەن، بەڵام دەستبەجێ سکاڵایان لە دەزگا ئەمنییەکان تۆمار کردووە. عەلی دەڵێت: "سکاڵامان لە ئاسایش کردووە و ئەوانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئێستا چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشین."
"ئەمە یەکەم رووداو نییە لە گەڕەکەکەمان"
بەپێی گوتەی عەلی محەممەدی برای مەنەسا، رفاندنی منداڵ و مێردمنداڵان لەو ناوچەیە پێشتریش هەبووە. عەلی محەممەد گوتی: "شەش مانگ لەمەوبەر، کوڕێکی تەمەن 16 ساڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەر لە گەڕەکی قولەڕەیسی رفێندراوە و تاوەکو ئێستاش هیچ دەنگوباس و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە."
عەلی محەممەد حەمێ، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لایەنی رفێنەر کرد کە بەپەلە خوشکەکەی بگێڕنەوە بۆ نێو خێزانەکەی، چونکە بەهۆی تەمەنەکەی و تێکچوونی دۆخی دەروونییەوە، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و پێویستی بە چاودێرییە.
بۆ بەدواداچوون لە وردەکاریی رووداوەکە، رووداو پەیوەندیی بە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئاسایشی سلێمانییەوە کرد و رایگەیاند: "ئەو بابەتە پەیوەندیی بە ئاسایشی سلێمانییەوە نییە، چونکە ئەو کچە بە خواستی خۆی چووە و نەیانڕفاندووە، بەڵام بەدواداچوونیشی بۆ دەکەن ئەگەر ماڵباتەکەی بیانەوێت."

