رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەشێک لە قوتابییانی قەزای چەمچەماڵ راگیراوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، راگرتنی نمرەکانیان پەیوەندیی بە پرسی لیژنەی لێکۆڵینەوەوە هەیە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، ژمارەیەک قوتابی لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێن، نمرەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و لەبری نمرە، لە سیستمەکەدا نووسراوە "راگیراوە". ئەو قوتابییانە داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکان گرفتەکەیان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی چارەنووسی خوێندنی خۆیان بزانن.
سەبارەت بەم کێشەیە، مامۆستا قاسم عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "کۆمەڵێک قوتابی هەن کە نمرەکانیان نەگەڕاوەتەوە و نووسراوە راگیراوە. ئەم گرفتە تەنیا چەمچەماڵ ناگرێتەوە، بەڵکو قوتابییانی ناوچەکانی دیکەن بۆ نموونە؛ سلێمانی، گەرمیان، کەلار و کفریشی تێدایە."
"پەیوەندیی بە بابەتی گزی و لیژنەی لێکۆڵینەوەوە هەیە"
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ رەتی کردەوە راگرتنی نمرەکان پەیوەندیی بە گرفتێکی تەکنیکیی سیستمەکەوە هەبێت و ئاشکرای کرد: "ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە قوتابییان خۆیان و ئەو هەڵسوکەوتەوە هەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەری و مامۆستایانی چاودێریی نێو هۆڵەکاندا کردوویانە. دوای تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنرا و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیەوە کە پەیوەندیی بە بابەتی گزی (قۆپییە)کردنەوە هەیە، بڕیاری راگرتنی نمرەکانیان دراوە."
چۆن کێشەکە چارەسەر دەکرێت؟
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو قوتابییانە و رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکەیان، مامۆستا قاسم عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پەیوەندییان بە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتی: "پەیوەندیمان بە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە کردووە و پێیان راگەیاندین، پێویستە ئەو قوتابییانە سەردان بکەن و داواکاریی تانە و پەڵپگرتن بنووسن و بۆمانی بنێرن، کار لەسەر گرفتەکەیان دەکرێت."


