رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ رۆژدا، دووجار پڵنگ لە سنووری قەرەداخ بینراون و دیمەنەکانیان لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە تۆمار کراون. کەسایەتییەکی ژینگەپارێز رایدەگەیێنێت، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان، سێ پڵنگ لە ناوچەکەدا هەن.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەمووزی 2026، جەلال شێخ کەریم، کەسایەتیی ژینگەپارێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنجشەممەی رابردوو پڵنگێک لە قەرەداخ دەرکەوت، شەوی رابردووش پڵنگێکی نێر بینراوە؛ هەروەها لە دوو هەفتەی رابردوودا چەند کەسێک بەچاو بێچووە پڵنگیان بینوە، بەمەش دەردەکەوێت سێ پڵنگ لە سنووری قەرەداخ هەن."
بە گوتەی ئەو کەسایەتییە ژینگەپارێزە، پڵنگەکان لە "قۆپییەکانی قەرەداخ" بینراون و دیمەنەکانیان لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمار کراوە. دەشڵێت: "ئەوانە پڵنگی ناوچەی زاگرۆسن، بە ئاسانی ناچنە شوێنە ئاوەدانەکان و زیاتر لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان دەمێننەوە."
جەلال شێخ کەریم کە پێشتر بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە، لە ساڵی 2011ـەوە کارەکانی لە بواری ژینگەپارێزی لە سنووری چیای سەگرمە و قۆپییەکانی قەرەداخ چڕکردووەتەوە. باس لەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر "کۆل"یان بۆ ئاوخواردنەوەی ئاژەڵە کێوییەکان دروستکردووە و کامێرای چاودێرییان داناوە، هاوکات رێگرییەکی تووندیش لە راوکردن دەکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری مانەوەی پڵنگەکان لەو سنوورە، جەلال شێخ کەریم گوتی: "ئاژەڵی کێوی لە سنووری قەرەداخ زۆر زیادبووە، ئێستا پڵنگەکان بەهۆی هەبوونی نێچیر و ئاژەڵی وەک (گورگ، کەمتار، چالاکە، سوچڕ، بەراز، مەڕ و بزنی کێوی) لە سنوورەکە دەمێننەوە. ئێمە ئاو لە شوێنە سەختەکان دادەنێین بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان ناچار نەبن بێنە خوارەوە و راو بکرێن."
ئەو کەسایەتییە ژینگەپارێزە ئاماژەی بەوە کرد کە پڵنگ ئاژەڵێکی خێرا و راوچییەکی کارامەیە و تەنانەت لە زستانیشدا لەو سنوورە بینراوە. گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت کولتووری پاراستنی ژینگە لە هەموو کوردستان بڵاوبکەینەوە و تەنیا لە قەرەداخ و سەگرمە نەمێنێتەوە."


