رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکاتی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار بە تۆمەتی "ساخکردنەوەی دراوی ساختە" لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر سێ ئەندامیان بریندار بوون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 11ـی تەمموز، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باندێکی سێ کەسی ساخکردنەوەی دراوی ساختە، کاژێر 20:55ـی شەوی رابردوو ئەندامانی باندەکە دەستگیرکران".
دەزگای ئاسایش دەڵێت: "لەکاتی دەستگیرکردنیان، ئەندامانی باندەکە لە نزیکەی ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە و سێ ئەندامی هێزەکانمان بریندار بوون".
وەکو دەزگای ئاسایش رایگەیاندووە، "تۆمەتباران لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە کردووە، لەکاتی مامەڵەکردن کەسەکانیان فریوداوە و بە زەبری چەک و هەڕەشەکردن پارەیان لێسەندوون".
پێش راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، "ئەو باندەی دەستگیرکراون، بازرگانییان بە چەکی بێ مۆڵەتەوە کردووە".
دەزگای ئاسایش رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکان بە مادەکانی 406 و 56 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)

