رووداو دیجیتاڵ لەسەر رێگەی ژاراوە - قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ دەڵێت، برینی دوو بریندارەکە سەختە. رووداوەکە کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 11-7-2026 لە دەروازەی شاری قەڵادزێ روویداوە. د. ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ بە رووداوی راگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلەی وەرگەڕاوە، چوار کەسی تێدابووە، لە ئەنجامدا دووانیان گیانیان لە دەستداوە و دووانەکەی دیکەش بریندار بوونە." هەریەک لە (رەوەز محەممەد) و (نەبات عەزیز) لە رووداوکە گیانیان لە دەستداوە. بە گوتەی د. ئازاد ئەحمەد، بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە پێش گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ، گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکانیش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتی، برینەکانیان سەختە و یەک لەوان راستەوخۆ گوێزراوەتەوە بۆ سلێمانی و ئەوی دیکەیان پاش ئەوەی لە نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ نەشتەرگەریی خێرای بۆ کراوە رەوانەی سلێمانی کراوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان11-07-2026کۆمپانیای جێبەجێکار: بەشێکی دوو سایدی رانیە – دووکان تەواو کرا و بەم نزیکانە دەکرێتەوە