رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە رێگەی دووسایدی رانیە – دووکان لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، بەشێکی رێگەکەیان تەواو کردووە و بەم نزیکانە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
ئەندازیار محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای گەردین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "11 کیلۆمەتری دووسایدی دووکان بۆ رانیە دوێنی چینی سێیەمی قیر کرا و ئامادەیە بۆ کردنەوە".
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار گوتیشی: "ئەو بەشەی تەواوکراوە لە رێگەی سماقووڵی دەستپێدەکات تاوەکو گوندی کانی وەتمان؛ دوای تەواوکردنی وردەکارییەکان، لە یەک مانگی داهاتوودا بە فەرمی رادەستی حکومەتی دەکەین و دەکرێتەوە".
پڕۆژەکە ناوی رێگەی (دووکان - چوارقوڕنە)یە، سەرەتای ساڵی 2009 بەردی بناخەی دانرا، بڕیار بوو پڕۆژەکە بە سێ قۆناخ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام یەک قۆناخیان تەواوکرا و پڕۆژەکە راگیرا، ئەیلوولی 2025 دەستیپێکردەوە.
محەمەد ئەحمەد گوتی: "جگە لەو بەشەی تەواو کراوە و دەکرێتەوە، لە هەموو قۆناخەکانی پڕۆژەکە بە چڕی کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا تەواو بکرێت".
رێگەکە سترایژیییە، جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قەزای دووکان، بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر و سلێمانیش بەکاردەهێندرێت.
هەموو رێگەکە 53 کیلۆمەتر و نیوە؛ ساڵانی رابردوو 18 کیلۆمەتر و نیوی لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە تەواو کراوە و ئەوەی ماوەتەوە 35 کیلۆمەترە.
حکومەت بۆ تەواوکردنی کۆی پڕۆژەکە هەزار رۆژی دیاریکردووە و دەبێت تاوەکو ئایاری 2028 تەواو ببێت. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار گوتی: "گۆڕانی کەشوهەوا رێگر نەبێ لەکاتی خۆی تەواو دەبێ؛ ئەم ساڵ بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو، کە تاوەکو حوزەیران بەهۆی بارانەوە نەمانتوانی قیر بکەین".
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی رێگەی رانیە بۆ سلێمانی دەبێتە دوو ساید.



