رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر شکا. بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە دەڵێت، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆرییەکە چاک دەکرێتەوە و ئاو دەدەنەوە ئەو ماڵانەی لەسەر پرۆژەکەن.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 11-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش نیوەڕۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە تەواو دەبێ و یەکسەر دەست بە بەردانەوەی ئاو دەکرێت و دوای پڕبوونی بۆرییەکان ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە هاوبەشان".
دوێنێ نزیک کاژێر 7:00ی ئێوارەی لەنێو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز، بۆریی سەرەکی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز - سێ شکا.
رابەر حوسێن دەڵێت: "پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سێ هێڵە، هێڵێکیان بەشێکی گەڕەکەکانی 120 مەتری لەسەرە، هێڵێک بەشێکی گەڕەکەکانی 60 مەتری و هێڵەکەی دیکەش بەشێکی گەڕەکەکانی 40 مەتری لەسەرە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر گوتی: "دوای تەواوبوونی پڕۆژی ئاوی فریاگوزاری هەولێر، ئێستا پڕۆژەی ئیفراز سێ تەنیا 20%ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات، ماوەی شکانی بۆرییەکە زۆر نییە و ئەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵکەن پێناچێت کێشەی کەمیی ئاویان بۆ دروست بووبێت".
جگە لە پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر کە ئەم ساڵ تەواو کرا؛ شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.



