رووداو دیجیتاڵ
15 ساڵ بەسەر بەستنی دوایین کۆنگرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تێپەڕیوە، نەقیبەکەیان دەڵێت، بەهۆی ناکۆکیی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتییەوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە کۆنگرە ببەستن.
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسان، دەبێ چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستن، بەڵام دوایین کۆنگرەی سەندیکاکە ساڵی 2011 بووە.
حاکم ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2015ـەوە دەبووایە کۆنگرە بکرێ، هەموو سەندیکاکان بەهۆی دۆخی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتییەوە نەیانتوانیوە کۆنگرە بکەن".
هەشت هەزار رۆژنامەنووس بە ناوی مەشقکار، بەشدار و کارا لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون.
حاکم ئازاد گوتی: "بەپێی یاسای خانەنشینی، تاوەکو ئێستا مامەڵەی خانەنشینی بۆ 11 رۆژنامەنووس کراوە، بەڵام یاساکە گرفتی هەیە، بۆیە ئێمە پڕۆژەیەکمان ئامادە کردووە وەک ستانداردێکی نێودەوڵەتی، کە دەبێت دەزگاکانی میدیا کە خاوەنکارن، هاوکار بن بۆ ئەوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان بکەن".
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان رەخنە لە میدیاکان دەگرێت و دەڵێت: "بەداخەوە دەزگاکانی میدیا، بەتایبەتی تەلەڤزیۆنە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان، یەکەم پێشێلکاری یاسای رۆژنامەگەریین کە دەڵێت دەبێت گرێبەستیان هەبێت و گرێبەستەکەش لە سەندیکا پەسند کرابێت. حیکمەت لەو بڕگەیە ئەوەیە، کە ئێمە رەزامەندی لەسەر گرێبەستێک نادەین کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبێت".
ئازاد حەمە ئەمین گوتی: "دەزگا گەورەکانی میدیا دەستکاریی گرێبەستەکان دەکەن، خۆیان دەدزنەوە لە پابەندییەکانیان و زانیاریی نادروست دەدەن. ئێمە لە داهاتوودا بە هاوکاریی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لیژنە پێکدەهێنین و هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەزگاکانی میدیا دەگرینەبەر".
لەبارەی کارکردن بە یاساکانی تایبەت بە رۆژنامەگەری، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "دەمانەوێت هەموو یاساکان هەموار بکرێنەوە، لەوانە یاسای خانەنشینی، یاسای سەندیکا و یاسای رۆژنامەگەری؛ هەموومان ئامادە کردووە و ناومان ناوە (نەخشەرێگەی چاکسازیی میدیایی لە هەرێمی کوردستان). واتا ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ ژێرخانی میدیا؛ لە خولی رابردووی پەرلەماندا لیژنەی بۆ پێکهات، بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی کارەکانمان تەواو بکەین".
بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 130 کەناڵی ناوخۆیی، 30 کەناڵی ئاسمانی، 181 رادیۆ، 184 ماڵپەڕی فەرمیی ئەلیکترۆنی، 1031 رۆژنامە و گۆڤار هەن.
زیاتر لە 1600 دەزگای راگەیاندن لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون



