رووداو دیجیتاڵ
سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان 34 ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە. بەرپرسێکی سەندیکاکان هۆکارەکەی دەگێڕێتەوە بۆ "پاڵنەری سیاسی". دەشڵێت، زیاتر لە 300 هەزار ئەندامیان هەیە.
سەردار رەشید، جێگری سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم رێکخراوە کە دروستبووە لە ساڵی 1992ـەوەوە تاوەکو ئێستا بەرەییە، نوێنەری پێنج حیزبی تێدایە و تاوەکو ئێستا کۆنگرەی نەبەستووە".
بە گوتەی سەردار رەشید، "کۆنگرە نەبەستراوە، بەڵام لیژنە و لقەکان دوو ساڵ جارێک بە هەڵبژاردن دادەنرێن".
پێکهێنەرانی سەندیکاکانی کرێکاران بریتین لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پێکهاتەی کریستیانەکان.
لەبارەی هۆکاری نەبەستنی کۆنگرە، جێگری سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان گوتی: "پاڵنەرەکە سیاسییە؛ حیزبەکان ناگەنە رێککەوتن و کۆنگرە ناکرێ، بەڕاستی بابەتی سیاسەت شۆڕبووەتەوە بۆ هەموو رێکخراوەکان".
سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیاکان لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستەبەرکراون دەڵێن، ژمارەی ئەندامەکانیان زیاترە لە 300 هەزار ئەندام، چونکە 309 کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە و مەرجە کە ئەندامی سەندیکاکان بن، پاشان تۆمار دەکرێن.
وەزارەتی کار: زیاتر لە هەزار کرێکار مووچەی خانەنشینی وەردەگرن
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تاوەکو ئەمڕۆ یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39 لە ساڵی 1971ـی عیراق بۆ ماف و شایستەی کرێکاران, کاریان پێدەکرێت.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئەو زیاتر لە 309 هەزار کرێکارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، لە داهاتوودا هەموویان خانەنشینی دەیانگرێتەوە و دەبنە خاوەن مووچەی خۆیان.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەزار و 10 کرێکار خانەنشین کراون و مانگانە مووچە وەردەگرن.
ئەو کرێکارانەی دەتوانن وەکو کرێکار خانەنشین بن
بەگوێرەی رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، "هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ، بۆ پیاوان تەمەنی زیاتر لە 60 ساڵ و ئافرەتانیش لە 55 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن".
بەگوێرەی رێکارەکان، "هەرکەس دەستبەری کاری بۆ کرابێ، ئەگەر گیان لەدەستبدات مووچەی خانەنشینی بە خێزانەکەی دەدرێ؛ مووچەکەش بەگوێرەی ئەو مووچەیە دەبێ، کە کرێکارەکە لەکاتی کاردا وەری گرتووە و بە فەرمی تۆماری کردووە".
بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە هەرێمی کوردستان کەمترینیان 500 هەزار دینارە، بەڵام خانەنشینیش هەیە، مووچەکەی دەگاتە دوو ملیۆن دینار.
هەر کرێکار یان کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێت، 5%ـی مووچەکەی خۆی و 12%ـی لەلایە شوێن کارەکەیەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵاتی و لە داهاتوودا بەگوێرەی ئەو بڕە، مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕێتەوە.



