رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ بۆریی ئاوی ئیفراز – سێی هەولێر شکا. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێ، بە کەمتر لە 24 کاژێری دیکە چاکی دەکەنەوە.
رۆژی هەینی، 10ی تەممووزی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەنێو وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز، بۆریی سەرەکی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز - سێ شکا.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "ئێستا تیمەکان خەریکی هەڵکەندنی شوێنی بۆرییەکەن و تیمی تایبەتمەند سەرقاڵی چاککردنەوەن."
لەبارەی وادەی چاککردنەوەی بۆرییەکە، رابەر حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە "بە کەمتر لە 24 کاژێری دیکە بۆرییەکە چاک دەکرێتەوە."
بە گوتەی رابەر حوسێن، کێشەی کەمئاوی بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر دروست نابێت، چونکە پێش شکانی بۆرییەکە ئاویان بۆ بەردراونەتەوە و لەماوەیەکی کەمیشدا بۆرییەکە دەکرێتەوە.
شاری هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.



