رووداو دیجیتاڵ
کاسبکارانی هەڵەبجە داوا دەکەن، ناوچەی پیشەسازی بۆ شارەکە هاوشێوەی سەنتەری پارێزگاکانی دیکە تەواو بکرێت و ئاوەدان بکرێتەوە. سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێ، دوو پڕۆژە بۆ ناوچەی پیشەسازی کراوە و پڕۆژەکانی دیکە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاون.
چەند کاسبکارێکی هەڵەبجە رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "فیتەر و فرۆشیاری کەرەستەی ئۆتۆمبێل لە هەڵەبجە هەریەکە و لە کوڵان و بازاڕێکدایە و تاوەکو ئەمڕۆ ناوچەیەکی پیشەسازی رێکوپێکی بۆ نەکراوە".
ئەو کاسبکارانە دەڵێن، لە ساڵی 2014 زەوی دابەشکرا بەسەر کاسبکاران دا بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی، بەڵام ئاوەدان نەکراوەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ قیرتاوی بۆ نەکراوە و خزمەتگوزاری پێ نەگەیێندراوە و تەنیا سێ بۆ چوار دووکان کراونەتەوە.
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، لەبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوچەی پیشەسازی هەیە و ماوەیەکی زۆرە زەوی بەسەر کاسبکاراندا دابەشکراوە و مافی خۆیانە گلەییشیان هەبێ کە بە تەواوی تەواو نەکراوە".
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو کاتەی پۆستی سەرۆکی شارەوانیم وەرگرتووە دوو پڕۆژە بۆ ناوچەی پیشەسازی کراوە و سێیەمیان بەشێکی کراوە و لەبەر قەیرانی دارایی کارکردن تێیدا وەستاوە".
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بۆ ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە کراون، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە گوتی: "رێگەسازی ناوچەی پیشەسازی قۆناخی یەکەم بە زیاتر لە 650 ملیۆن دینار و قۆناخی دووەمی رێگەسازییەکە بە زیاتر لە 860 ملیۆن دینار تەواو کراون، قۆناخی سێیەمی رێگەسازییەکە بە زیاتر لە 865 ملیۆن دینار 20%ـی کارەکانی تەواو بووە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی راگیراوە".



