رووداو دیجیتاڵ قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بەردەوامە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بۆ خوار 1000 دینار دادەبەزێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، 95%ی پارێزگای هەولێر لە پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون و لە ماوەیەکی کورتدا قەزاکانی شەقڵاوە و مەخمووریش دەگرێتەوە. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دڵنیایی دایە شۆفێران و هاونیشتمانییان کە قەرەباڵخیی بەنزینخانەکان نامێنێت و نرخی بەنزین دادەبەزێت. قایمقامی هەولێر گوتی: "پێشتر رامانگەیاند کە گرانیی بەنزین کاتییە. ئێستا دڵنیایی دەدەینە هاونیشتمانییان کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە نرخی دادەبەزێت و وەکو پێشووی لێدێتەوە." بە گوتەی قایمقامی هەولێر، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رێگەی بە هاوردەکردنی بەنزین داوە، بە مەرجێک کوالێتییەکەی بەپێی ستانداردە دیاریکراوەکان بێت. "لیژنەکانمان بە شێوەیەکی کتوپڕ سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و نموونەی بەنزین وەردەگرن. هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت، رێکاری تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر کە پێبژاردن و داخستنیشی تێدایە." سەبارەت بە پلانی رێکخستنی نرخی بەنزین، نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرای کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ ئەوەی نرخی بەنزینی سوپەر و محەسەنیش رێکبخرێت و رێگە لە قۆرخکاری بگیرێت. لەبارەی کێشەی کارەباوە، قایمقامی هەولێر باسی لە (پڕۆژەی رووناکی) کرد و رایگەیاند، پڕۆژەکە ستراتیژی بوو و لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە سەرپەرشتی دەکرا. "ئێستا 95%ی پارێزگای هەولێر، کە نزیکەی 600 هەزار هاوبەش دەبن، سوود لە کارەبای 24 کاژێری وەردەگرن. تەنیا قەزاکانی شەقڵاوە و مەخموور ماون کە ئەوانیش لە ماوەیەکی کورتدا کارەکانیان تەواو دەبێت." قایمقامی هەولێر دان بەوەدا دەنێت کە بەهۆی کۆنیی تۆڕەکانی کارەباوە، هەندێکجار کێشەی تەکنیکی روودەدات، بەڵام تیمەکان بە خێرایی چارەسەری دەکەن. سەبارەت بە چارەنووسی موەلیدە ئەهلییەکانیش گوتی: "موەلیدەکان هاوکارێکی باش بوون، بەڵام هەموومان دەمانزانی کارکردنیان کاتییە. ئێستا بەپێی پلانێک و بە بڕیاری تیمەکانی پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری، ئەو موەلیدانەی پێویست نین، هەڵدەگیرێن."
هەواڵە ناوخۆییەکان09-07-2026لە شەش مانگدا لە هەرێمی کوردستان 44 کەس خنکاون و 4000 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە