رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، کە تایبەت دراوەتە رووداو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 4 هەزار ئاگرکەوتنەوە روویانداوە و 44 کەسیش لە ئاودا خنکاون.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆی گشتیی 6 هەزار و 448 رووداوی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراون."
بەپێی ئەو وردەکارییانەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی خستیەڕوو، ئاگرکەوتنەوە پشکی شێری رووداوەکانی بەرکەوتووە، بە شێوەیەک 4 هەزار و 178 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە لە نێویاندا 327 رووداویان سووتانی ئۆتۆمبێل بووە.
لەبارەی قوربانییانی ئەو رووداوانە، سەرکەوت کاڕەش گوتی: "لەو ماوەیەدا 8 کەس بەهۆی رووداوەکانی سووتان و ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 44 کەس لە ئاودا خنکاون و 4 کەسی دیکەش بەهۆی هەڵدێران لە شاخ گیانیان سپاردووە."
بە گوتەی سەرکەوت کاڕەش، لەو 6 مانگەدا، 162 هاووڵاتی و 12 کارمەندی بەرگریی شارستانی لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا بریندار بوون.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، کە تیمەکانیان پشکنینیان بۆ 14 هەزار و 813 شوێن کردووە و مۆڵەتی کارکردنیان پێداون، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە و پاراستنی سەلامەتیی گشتی.
لە لایەکی دیکەوە، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاماری وردی رووداوەکانی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵی لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستە روو.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەو 6 مانگەدا کۆی گشتیی 672 رووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون. شاخەوان سەعید گوتی، زۆرترین جۆری ئاگرکەوتنەوەکان لە ماڵان بووە و گوتی: "لەو ماوەیەدا 236 ماڵ، 60 ئۆتۆمبێل و 22 دووکان و مارکێت سووتاون."
وردەکاریی ئامارەکانی هەولێر نیشانی دەدەن کە ئاگرکەوتنەوەکان سێکتەری جیاوازیان گرتووەتەوە، لەوانە:
سووتانی گەنم و جۆ: 28 رووداو
سووتانی خاشاک و پاشماوە: 41 رووداو
محاویلەی کارەبا: 20 رووداو
دارستان و پاوان: 7 رووداو



